وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاری ناردنی بەنزینی بۆ هەرێم دەرکرد( بەڵگەنامە)

وەزارەتی نەوتی عێراق لە ئەنجامدا وەڵامی ئەو رێککەوتنەی دایەوە کە لەگەڵ وەزارەتی سامانەسروشتیەکانی هەرێم سازیکردووە، بڕیاری دەرکرد کە بڕی یەک ملیۆن و ٨٠ هەزار لیتر بۆ هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بە ٦٥٠ دینار بنێرێت. 
 
بەپێی نوسراوێکی فەرمیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق کە ئەمڕۆ شەممە ٢٨ی ئاب دەرچووە، ڕەزامەندی پێشاندراوە بە ناردنی یەک ملیۆن و ٨٠ هەزار لیتر بەنزین بۆ هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم بە نرخی ٦٥٠ دینار.
ئەو بەنزینە لەو بەنزینە دێت کە لە کۆمپانیای کار بۆ وەزارەتی نەوتی عێراقی دەپاڵێورێت.

لە نوسراوەکەدا هاتووە" لەو بڕە هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی ٣٦٠ هەزار لیتریان بەردەکەوێت، ٢١٦ هەزار لیتر بۆ پارێزگای دهۆک و ١٤٤ هەزار لیتریش بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەبێت".

ئەم بڕیارەی حکومەتی عێراق دوای گفتوگۆ و رێککەوتنی نێوان وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری سامانە سروشتییەکان دێت، کە ئەو بڕە بەنزینە رەوانەی هەرێم بکرێت هەر لیترێک بە ٦٥٠ دینار، لە کاتێکدا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی بە ٤٥٠ دینارە.



PM:10:36:28/08/2021