بە نێوەندگیری ئەمەریکاو سەرکردەکانی رۆژئاوا کۆبوونەوەیەک لە نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور جەنگی سازدەکرێت

بە مەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانی نێوان بافل تاڵەبانی و لاهور جەنگی، شەوی رابردوو یەک شەممە بە نێوەندگیری ئەمەریکییەکان و مەزڵوم کوبانێ‌و ساڵح موسلیم سەرکردەکانی رۆژئاوای کوردستان لە فەرەماندەی هێزەکانی ٧٠ کۆبوونەوەیەک سازکرا.

 لەو کۆبوونەوەیەدا کە قوباد تاڵەبانی و پۆڵات جەنگی ئامادەی بوون، باس لە هێورکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هاوسەرۆکان کراوە، وەفدی ناوبژیوان سەرنجی هەردوولای بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق راکێشاوە کە یەکێتی دەبێت یەکگرتوو بێت لەو پرۆسەیەدا.

هەروەها وەفدی ناوبژیوان خستوونیەتە بەردەم ئەو هەڕەشانەی لەسەر ئەزموونی باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان هەیە لەلایەن تورکیا و هێزە هەرێمایەتییەکانەوە، داواشی لێکردوون کە درێژە بە کۆبوونەوەکانیان بدەن تا دەگەن بە چارەسەری تەواویی.

ئەو کۆبوونەوەیە کە نزیکی سێ کاتژمێری خایاندووە و نەگەیشتۆتە چارەسەری تەواوەتی و پێشبینی دەکرێت ناوبژیوانان لە ئاستی تردا بەردەوام بن لە نێوەندگیری.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " هەر رێککەوتنێکیش بکرێت، لەلای ماڵی تاڵەبانی جارێکی تر رێگا بە هاوسەرۆکی نادرێت و ئەستەمە رێگا بدرێت دەسەڵاتە ئەمنی و سەربازی و دارایی و رێکخراوەییەکان بگەڕێندرێتەوە بۆ لاهور جەنگی.  

ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو بارگرژییەکە گەیشتبووە ئاستێکی بەرز و مەترسی هەڵگیرسانی شەڕی لێدە کرا.



AM:09:47:30/08/2021