قوباد تاڵەبانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی هاوپەیمانی کوردستانی دەستپێکرد

قوباد تاڵەبانی سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستان کە لە یەکێتی و گۆڕان پێکهاتووە لە رێگای ڤیدیۆیەکەوە هەڵمەتی هەڵبژاردنی لیستەکەیانی راگەیاند.

ئەو ڤیدیۆیە کە ئەمشەو قوباد تالەبانی لە واڵی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوەو، سەرەتاکەی بەوتەی " بەیەکەوە بەهێزترین، ئەمە تەنها دروشمێکی هەڵبژاردن نییە، بیرۆکەیەکە کە بە درێژای چەندین نەوە پاڵنەر و هێزی ئێمە بووە وەک نەتەوەیەک" دەستیپێکرد.

دەقی پەیامەكەی قوباد تاڵەبانی:

هاونشتیمانیانی بەڕێز، بەیەكەوە بەهێزترین ئەمە تەنها دروشمێكی هەڵبژاردن نییە، بەڵكو بیرۆكەیەكە كە بەدرێژایی چەندین نەوە پاڵنەرو هێزی ئێمە بووە وەك نەتەوەیەك، بەیەكەوە بەهێزترین، بەیەكبوون و یەكگرتوویمان لەبەغدا دەتوانین مووچەو خزمەتگوزاری و سەقامگیری بۆ هەرێمی كوردستان مسۆگەربكەین.

بەیەكەوە دەتوانین داكۆكی لەكوردستانی بوونی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان بكەین، بەیەكەوە دەتوانین شەڕی پاراستنی مافی پێكهاتەكان و زامنكردنی ژیانێكی شایستەتر بۆ هەمووان بكەین.

داواتان لێدەكەم لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بەكاندیدەكانی هاوپەیمانی كوردستان بدەن، لەبەرئەوەی بەیەكەوە بەهێزترین و بەیەكەوە تیمێكی یەكگرتوو دەنێرینە بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئێوە كەخەمی ئێمەن.

بەیەكەوە خەونی مام جەلال و كاك نەوشیروان بەدیدەهێنین و رێككەوتننامەی دەباشان سەردەخەین، بەیەكەوەش رۆحی ئەو دوو سەركردە مەزنەش شاد دەكەین.

بەیەكەوە
بەهێزترین




PM:10:14:01/09/2021