شاندێکی باڵای جەهەپە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد

ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار شاندێکی باڵای پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆکى حکومەتی هەرێم کۆبوونەوە، هاوکات لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا تاووتوێ کرا.

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی حکومەتی هەرێم ی کوردستان، ئەمرۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی باڵای پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) بە سەرۆکایەتی ئۆگوزکان سالیجی جێگری سەرۆکی پارتەکە کرد.  

دەشڵێت" جێگری سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری سڵاو و ڕێزی کەمال کلیچیدار ئۆغلۆی سەرۆکی پارتەکەی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی کە یەکەمجارە شاندێکی باڵای پارتی گەلی کۆماری سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، گوتیشی ئامانجمان لە سەردانەکە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و خستنەڕووی بۆچوونی پارتی گەلی کۆمارییە دەربارەی چەند بابەت و پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش". 

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا، کە تورکیا دراوسێ و وڵاتێکی گرنگی ناوچەکە و جیهانە و هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی سەقامگیرییە لە ناوچەدا و هەمیشە خوازیاری باشترین پەیوەندییە لە گەڵ تورکیا کە وڵاتێکی فرە نەتەوە و ئایین و پێکهاتەی جیاوازە، کە نیشانەی دەوڵەمەندی وڵاتەکەیە. 


PM:01:40:05/09/2021