سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئوردن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵایی هه‌رێم كۆبوه‌وه‌

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە عەبدولمونعم عۆدات، سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن و شاندێکی یاوەری گەیشتنە شاری هەولێر و لەلایەن رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا و دواتر لەگەڵ بەرپرسانی باڵایی هەرێم کۆبوەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازیی لە عەبدولمونعم ئەلعودات، سەرۆكی پەرلەمانی شانشینی ئوردن و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوو لە دكتۆر مونتەسەر ئەلعقلە، باڵیۆزی شانشینی ئوردن لە عێراق و ژمارەیەك پەرلەمانتاری پەرلەمانی شانشینی ئوردن، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئوردن و هەماهەنگی نێوان هەردوولا كرا.

هاوکات لە سەردانەکەیدا سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە، لە کۆبونەوەیەکەدا کە سەرۆکى پەرلەمان و جێگرانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و جێگرانى سەرۆکى پەرلەمان و وەزیرى کاروبارى پەرلەمان و باڵیۆزى ئوردن لە عیراق ئامادەى بوون، پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و شانشینى ئوردنى و چۆنیەتیى بەرەوپێشبردنیان تاوتوێ کران و هەردولا پەیوەندییەکانیان بە مێژویى لە قەڵەم دا.

هەروەها لە دیدارەکەدا دۆخى سیاسى و ئەمنیى عیراق و هەرێمى کوردستان و برەودان بە بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشى، هەڵبژاردنەکانى داهاتوى عیراق، مەترسییەکانى تیرۆر و بەرەنگاربونەوەى داعش، پەتاى کۆڤیدـ19 و لێکەوتەکانى، دەرفەتى کار و وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆى چارەسەرکردنى کێشەکانیان لەگەڵ چەند بابەتێکى دیکە، تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکە بوون.


PM:04:41:05/09/2021