ژمارەیەک ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق: دادگا بە دەستوردانی حزبی مامەڵەیەکی نایاسایی لەگەڵ ئازادیخوازانی بادینان دەکات

چوار ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەسەر دەستگیرکراوانی بادینان بڵاوکردەوە و دەڵێن" ئەم زوڵم و ستەمکردنە بەرامبەر ئازادیخوازان ئاماژەی رونە کە دەسەڵات لە ترس و دڵەراوکێ دەژی، بە دڵنیایی زاڵم و ستەمکاران کۆتاییان دێت و ئازادیخوازان سەردەکەون". 
لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا بەناونیشانی (کۆتای بەزوڵم دژی ئازادیخوازانی بادینان بهێنن) هەریەک لە ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌دین، رێبوار كه‌ریم مه‌حمود، غالب محه‌مه‌د عه‌لی،  ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن" ماوەی زیاتر لە ساڵێکە ژمارەیەک ئازادیخواز بە ناحەق، بە دور لە هەموو رێکارێکی یاسایی و دەستوری لە زیندانەکانی ژێردەسەڵاتی هەرێمن، کە هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان ئەوەیە ئەم هاوڵاتیانە داوای مافەکانی خۆیان کردووە و نارەزاییان دەربڕیوە". 

دەشڵێن" دەستوری عێراق و یاساکانی هەرێمی کوردستان گەرەنتی مافی هاوڵاتیانی کردووە کە بێ هیچ ترسێک نارەزایی خۆیان لە بریار و سیاسەتەکانی حکومەت دەرببرن بێ ئەوەی روبەروی هیچ رێکارێکی یاسایی ببنەوە". 

ئەو پەرلەمانتارانە باس لەوەشدەکەن، ئازادیخوازانی بادینان سەرەڕای بە ناحەق زیاندانیکردنیان، دادگا بەشێوەیەکی سیاسیانە و بە دەستوردانی حزبی و شەخسی مامەڵەیەکی نایاسایی و نادادگەرانەیان لەگەڵ دەکات، بە پێی وتەی تیمی پارێزەرانیش لە زیندان لە رەوشێکی خراپ دان.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئێمە سەرەڕای دوپاتکردنەوەی پشتیوانی بۆ ئازادیخوازانی بادینان، دڵنیاین ئەم زوڵم و ستەمکردنە بەرامبەر ئازادیخوازان ئاماژەی رونە کە دەسەڵات لە ترس و دڵەراوکێ دەژی، بە دڵنیایی زاڵم و ستەمکاران کۆتاییان دێت و ئازادیخوازان سەردەکەون.


PM:02:42:06/09/2021