وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ویلایەتی پەنجشیری ئەفغانستان دەکات و دەڵێت" دەستێوەردانی دەرەکی لە هێرشەکان تاوتوێ دەکەین و قبوڵکراو نییە".
سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" هێرشەکانی شەوی رابردوو بە تووندترین شێوە شەرمەزار دەکەین و شەهیدبوونی رێبەرانی ئەفغانستان جێگەی داخ و پەژارەیەکی زۆر قووڵە".
وتیشی" مێژووی ئەفغانستان پیشانی داوە کە دەستێوەردانی دەرەکی چ راستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ ئەنجامێکی جگە لە شکست بۆ هێزە دەستدرێژیکارەکان نەبووە".
جەختیشیکردەوە، خەڵکی ئەفغانستان زۆر بوێرن و بە دڵنیاییەوە هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی شەرمەزار دەکرێت.
خەتیب زادە باسی لەوەشکرد، تاڵیبان دەبێت پابەندی ئەو بەڵێنانە بێت داویەتی لە چوارچێوەی مافە نیودەوڵەتییەکان، گەمارۆی ناوچەی پەنجشیر، پچڕاندنی ئاو و کارەبا و برسیکردنی خەڵک وەک ئەوەی بە ئێمە گەیشتووە جێگای نیگەرانییە.
ئەمڕۆ بزووتنەوەی تاڵیبان بەشێوەیەکی فەرمی کۆتاییهاتنی شەڕ و سەرکەوتنی بزووتنەوەکەی بە کۆنترۆڵکردنی پەنجشیر ڕاگەیاند.