جوڵانەوەی نەوەی نوێ هەڵمەتی هەڵبژاردنی دەستپێکرد ( وێنە )

بە دروشمی (سەردەمی نەوەی نوێ)یە جوڵانەوەی نەوەی نوی لە سلێمانی بە بەشداری هەزار چالاکوانی بزووتنەوەکە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی دەستپێکرد.

لە دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی نەوەی نوێدا کە لە هۆڵی ئۆفسیی سەرەکەی جوڵانەوەکە لە شەقامی مەلیک مەحمود دەستی پێکرد، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەکە وتی " لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا دەنگی هاوڵاتیانمان نەگۆڕیەوە بە پارە و کورسی و دەستکەوتی تایبەت و لە داهاتوودا خیانەت لە دەنگی خەڵک ناکات."

سەرۆکی جوڵانەوەکە وتیشی " بە دەسەڵات دەڵێن خەیاڵیان خاوە کە پێیانوابێت خەڵک بێ پشت و پەنایە و بەوپەڕی سەربەرزی و شانازییشەوە داوای دەنگ و پشتیوانی لە خەڵک دەکەن".

شاسوار عەبدولواحید هەروەها وتیشی" خزمەتی تاک بە تاکی هاوڵاتیان ناونیشانی ئەم سەردەمە نوێیەیە کە دەستیپێکردووە.
بڕیارە لە ١٠ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و جوڵانەوەی نەوەی نوێش بەشدارە، بەبێ رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەگەڵ هیچ هاوپەیمانی و حزبێکدا لە سەرجەم بازنەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکوک بەشداری هەڵبژاردن دەکات".

جوڵانەوەی نەوەی نوێ ساڵی ٢٠١٧ دامەزرا، حزبێکی ئۆپۆزسیۆنە و لەماوەی رابردووشدا بەهۆی ئەو هەڵوێستانەی هەیبووە بەرامبەر بە رووداوەکان و تایبەت بە ژیانی هاوڵاتیان روبەڕوی چەندین فشاری جیاواز بووەتەوە.

بڕیارە رۆژی ١٠ ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، ئەمڕۆش نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان جنین بلاسخارت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا باسی لەوە کرد کە ١٣٠ چاودێری پسپۆری نەتەوەیەکگرتووەکان بە پاڵپشتی ٦٠٠ کارمەندە چاودێڕی ئەو هەڵبژاردنە دەکەن.



PM:05:35:07/09/2021