كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا ئیدانەی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر دەكات

كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئیدانە دەكات و بە هەڕەشە بۆ سەر سەروەری و سەقامگیری عێراق ناوی دەبات.

کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین کە بەهۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، ئەم هێرشە بەردەوامانە هەڕەشەن بۆ سەروەری و سەقامگیری عێراق.

كونسوڵخانەی ئەمریكا جەختیش دەكاتەوە، كە پشتیوانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لە لێکۆڵینەوەکانی بۆ دەستنیشانکردنی بەرپرسیارانی هێرشەکە.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەردەوامە لە پابەندبونی بە پشتیوانیکردن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە هەوڵەکانیان بۆ پاراستن و گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری.

درەنگانی شەوی رابردوو لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شاری هەولێر، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.


PM:07:36:12/09/2021