یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم پەیامێکی لەسەر هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر بڵاوکردەوە

یاریدەدەری سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" لە پاش وتاری مێژوویی "سەرۆک" بارزانی کە دوژمنان تووشی شۆک کرد، ھەر بۆیە شەوی رابردوو جارێکی تر تیرۆرستان و نەیاران ھێرشی ناڕەوایان کردەوە سەر پایتەختی ھەرێمی کوردستان". 

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پەیامێکی لەسەر هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بڵاوکردەوە و دەڵێت" لەیادی شۆڕشی ئەیلولی مەزن لە ١١/٩ و لە پاش وتاری مێژوویی "سەرۆک" بارزانی و گەورەبوون و بەھێزبونی ئیرادەی گەلی کوردستان و یەکریزی و یەکگوتاری پارتی و خەباتکردن بۆ بەدەست ھێنانەوەی پلەی یەکەم لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دڵنیاکردنەوەی ھاونیشتمانیانی ھەرێمی کوردستان کە ھیچ کات ھێزی پێشمەرگەو گەلەکەمان، بە رابەرایەتی سەرۆک بارزانی و دیپلۆماسییەتی سەرۆکی ھەرێم و بەرێوەبردن و ئاوەدانی لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە تەسلیمی ھیچ تیرۆرست و زۆردارێک نابین و لە ئاستیان ناچەمین". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەر بۆیە شەوی رابردوو جارێکی تر تیرۆرستان و نەیاران و دوژمنان توشی شۆک بونەوەو ھێرشی ناڕەوایان کردەوە سەر پایتەختی ھەرێمی کوردستان.

یاریدەدەری سەرۆکی حكومەتی هەرێم باسی لەوەشکردووە، دوژمنان و نەیاران دەزانن سەریان دایەوە لە تاشە بەردەکانی چیای سەفین و قەڵای دێرینی ھەولێر،  ئیرادەی گەلی کوردستان بە زۆر ھێز و تانک و تەیارە نەلەرزی وە بەم ھێرشە چروکانەش نالەرزێت. 

شەوی رابردوو لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شاری هەولێر، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.

بەیانی ئەمڕۆش وەین مارۆتۆ وتەبیژی هێزەکانی هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی بۆ شەڕی دژ بە داعش لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکرد" هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە رێگەی دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە و هەردوو فڕۆکەکەش تێکشكێنراون، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە".

واین مارۆتۆ ئەوەشی خستەڕوو، هەر هێرشێک کە دەکرێتە سەر حکومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان، دەسەڵاتی دامەزراوە عێراقییەکان، سەروەریی یاسا و سەروەریی نیشتمانی عێراق لەناودەبات.


PM:11:01:12/09/2021