" دوو زیندانی کورد لە رۆژهەڵات لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لە دەستدا "


رێکخراوی "هەنگاو" تایبەت بە مافی مرۆڤ، ئاشکرای کرد کە دوو هاووڵاتیی کورد کە دوو هەفتەی ڕابردوو لە شاری نەغەدە دەستگیر کرابوون، لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ورمێ گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، " دوو کەس لە دەستگیرکراوانی ئەم دواییەی شاری نەغەدە بە ناوەکانی ئەسعەد رامین و داوود ڕەحیمی کە برای هاوسەری ئەسعەدە و تەمەنی ٣٥ ساڵ بووە، لەژێر ئەشکەنجەی هیزەکانی ئیتلاعاتی سوپای ورمێدا گیانیان لەدەست داوە".

هەنگاو ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەستگیرکراندا، لەلایەن هێزەکانی سوپاوە دەستڕێژیان لێ کراوە و ئەسعەد، قاچێکی بە گوللـە پێکراوە، داودیش بە چەند گوللـەیەک بریندار بووە.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە پاش دەستگیرکران و لە کاتێکدا کە بریندار بوون، گوازراونەتەوە بۆ ئیتلاعاتی سوپای ورمێ و لە سەرجەم مافەکانی بەندکراوان و لەوانەش مافی دەرمان و چارەسەری بێبەش کراون.

هەروەها ئەوەش باسدەکرێت، بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە، بانگ کراونەتە ئیتلاعاتی سوپای نەغەدە و پێیان گوتراوە ئەسعەد و داود ئەندامی حیزبێکی دژبەری ئێران بوون و داوایان لێ کردوون دیسان سەردانی ئەم شوێنە بکەنەوە.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ١ ی ئەیلولی ئەمساڵ هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا بە ئوتۆمبێلێکی جۆری سەمەند و دوو ئوتۆمبێلی تویوتیای هایلۆکس و ئامبۆلانسێک لە نزیک گوندی قاڕنێ، ئوتۆمبێلی سایپای ئەسعەد ڕامینیان دایە بەر دەستڕێژی گوللە و پاش بریندارکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، هەردووکیانیان دەستگیر کردبوو.



PM:06:28:21/09/2021