شوێن پێی ئێران لە عێراق و سوریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش

‌کەتائیب ئەهل حەق
تاتس* 
رەزا مەنوچەهری
بەزۆری لە هێڵی پێشەوەی جەنگ لەگەڵ داعش لە سوریا و عێراق میلیشیا شیعەکان دەبینرێن. ئێران پاڵپشت و پشتیوانی ئەو گروپانەیە. یەک لەو گروپانە عەسایب ئەهەلی حەقە، کە قەیس خەز عەلی سەرۆکایەتی دەکات.
لە نووسینگەیەکی کۆن لە شارۆچکەی سەدر، کە ناوچەیەکی هەژار نشینە لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری بەغەدا، مەلایەکی  گەنج بە مێزەرە سپییەکەیەوە پێشوازی لە چەند رۆژنامەنووسێکی رۆژئاوایی دەکات. لەچک و باڵاپۆشیی ژنە رۆژنامەنووسەکان بە  داپۆشینێکی کەم دەزانرێت و چارشێوەی رەشیان بەسەردا دەسەپێنرێت. مەلا گەنجەکە خۆی دەبوێرێت لە سەیرکردنی راستەوخۆی ناوچاوانی رۆژنامەنووسەکان. دەست دەکات بە گلەیی لە ئەمریکا. قسەکانی ئاوێتەیە بە هەڕەشەی ترسناک.
گروپی عەسایب، رێکخراوی بەدر و کتیبەکانی حیزبوڵا لە بەهێزترین گروپە شیعەکانی عێراقن، کە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە راهێنانیان پێدەکرێت و پشتیوانیی داراییان لێدەکرێت.
ئەو مەلا گەنجە ناوی قەیس خەز عەلییە. ماوەی یانزە ساڵە دەستیکردوە بە کاری سیاسی و یانزە ساڵیش بەسەر ئەو سەردەمەدا تێدەپەڕێت، کە مەلایەکی نەناسراو بوو. دەکرێت پۆستەکەی وەک والیی شارۆچکەی سەدر لێکبدرێتەوە. خەز عەلی وتەبێژی موقتەدا سەدریشە. لە ناوچەی سەوزی بەغدا و لە دراوسێیەتی نوری مالکیدا دەژی. پاسەوانی تایبەتی هەیە و خاوەنی کۆمپانیایەکی زۆر سەرکەوتوشە.
هاوکات خەز عەلی سەرۆکی کەتیبەی ناسراوی "عەسایب ئەهلی حەقە". ناردنی هێزی خۆبەخشی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سوریا سەرپەرشتیکردوە و رێکیخستون. ئێستاش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ میلیشیاکانی دیکەدا چوونەتە  جەنگ لە دژی داعش لە عێراق. ئەو هێزە میلیشیاییانە هەزاران کەس دەبن و ئێستا لە پاڵ سوپا لاواز کراوەکەی عێراقدا ئامادەییان هەیە و دەبینرێن.
بە کورتی بەو گروپە دەوترێت "عەسایب". تاکە گروپی میلیشیایی شیعە نییە، بەڵام بە بەراورد لە گەڵ "رێکخرای بەدر"  و "کەتیبەکانی حیزبوڵا"دا، عەسایب یەکێکە لە بەهێزترین گروپە میلیشیاییەکانی شیعە. لەژێرەوە ئێران لە پشتی هەمو ئەو گروپانەوەیە. ئەو گروپانە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە دامەزرێنراون. سوپای پاسداران راهێنان و پشتیوانیی داراییان لە ئەستۆ گرتووە.
بانگهێشتی رەسمی ئەو گروپانە بۆ جەنگ لە ژێر ناوی پارێزگاریکردن لە مەزارگەی "حەزرەتی زەینەب"، کە دەکەوێتە کەنارەکانی بەشی باشووری شاری دیمەشق، بەڕێوە دەچێت.
ئەو گروپانە لەگەڵ حیزبوڵای لوبنان و میلیشیا سورییەکان درزێکیان پڕ کردوەتەوە، کە بەهۆی جەنگی ناوخۆ لە سوپای سوریادا دروستبوو بوو.
ئامانجی سەرەکیی ئەو گروپانە لە سوریا، یاخیبووە سونەکانی داعشە. فیلیپ سمیت لە زانکۆی میریلەند دەڵێت: رووداوەکان لە زستانی ٢٠١٢ – ٢٠١٣ دەستپێدەکەن. داعش لە رێگەی ئامادەبوونی هەزاران جیهادیی بیانییەوە خۆی بەهێزکرد و دەستیان بە پێشڕەوی کرد. حکومەتەکەی بەشار ئەسەد جگە لە مەترسیی لە دەستدانی شادەماری ئابووری شاری حەڵەب رووبەڕووی هەڕەشەی پچڕانی رێگا ستراتیژییەکانی پەیوەندیی دیمەشق لەگەڵ لوبنان و پشتوێنەی بەندەری تەڕتوس بوویەوە.

میلیشیا شیعەکان هاوبەشی دەسەڵاتن
شکستی داعش لە سەرەتای هاوینی ٢٠١٣ و لە دوای پێکدادانە قورسەکەی ئەلقەیسەری سوریا بوو بە یەکەمین سەرکەوتنی یەکگرتوانەی گروپە میلیشیا شیعەکان.
 فیلیپ سمیت، کە هاوکات نووسەری بلاگی (Hizbollah Cavalcade) ئاشناییەکی باشی لەگەڵ کار و جموجوڵی هێزە شیعەکاندا هیە و لەو بارەیەوە دەڵێت: لەدوای سەرکەوتنەکەی ئەلقەیسەرییە بە بەردەوامی ژمارەی چەکدارەكانی عێراق و لوبنان لە سوریا روویان لە بەرزبوونەوە دەکرد.
لەهەمو ناوچە شیعەنشینەکانی عێراق پۆستەری گەورە گەورەی ئەو کەسانە دەبینرێن، کە لە  جەنگی سوریادا کوژراون. لە گۆڕستانە گەورەکەی نەجەفدا، کە زۆرتر شیعەکانی تێدا دەنێژرێت بەشێکی تایبەت بۆ کوژراوەکانی جەنگی سوریا تەرخان کراوە. تەمەنی بەشێک لە کوژراوەکان بە زەحمەت دەگاتە (١٥) ساڵ.
تەنها لە پارچەی عەسایب و کەتیبەکانی حیزبوڵادا دەتوانیت زیاتر لە (١٠٠) گۆڕ بژمێریت. گۆڕهەڵکەنێک دەڵێت زۆربەی کوژراوەکانی سوریا لە تەنیشت گۆڕی کەس و کارەکانیاندا دەشاردرێنەوە. بەڵام سەرباری ئەوەش سمیت ژمارەی کوژراوانی عێراقی و لوبنانی لە جەنگی سوریادا بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد بە نزیکەی (٧٠٠) کەسێک دەزانێت.
ئیدی لەم رۆژانەدا خەز عەلی پێی خۆش نییە وڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسە رۆژئاواییەکان بداتەوە، بۆیە کاری وڵامدانەوە بۆ وتەبێژەکەی بە جێدەهێڵێت.
بەشێوەیەک لە شێوەکان "وەهاب تائی" خاڵی بەرامبەری خەزعەلییە. تائی لەگەڵ ژنەکاندا دەست دەداتەوە. رازاوەوە و رێکوپێکە. ئاماژە بە قسەکانی "گۆتە" (فەیلەسوفێکی ئەڵمانی وەرگێڕ) دەکات. تەنانەت هەندێک وەسفی دۆستانە سەبارەت بە ئەمریکییەکان باس دەکات. تائی نکۆڵی لە بەشداریی عێراقییەکان لە جەنگی سوریا ناکات، بەڵام دەڵێت: "زۆرن ئەوانەی هێز بۆ سوریا دەنێرن. بەڵام ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت، کە گروپەکەی ئێمە ئەو کارە دەکات دورە لە راستییەوە. تەنانەت یەک کەسیشمان بۆ سوریا نەناردوە".
دواتر دەست دەکات بە ریزکردنی ناوی ئەو وڵاتانە، کە جەنگاوەرەکانی داعشیان لێوە هاتوە. هەروەها ئاماژە بە رقی داعش بەرامبەر شیعە دەکات. جەخت لە مەترسیی ئەو بابەتە دەکاتەوە بۆ عێراق لە داهاتوشدا بۆ ئەوروپا.
ئەو روانگەیە هاوشێوەی هەڵوێستەکەی مالکییە، کە بە بەردەوامی خەریکی دووبارە کردنەوەیەتی: عێراق بووە بە قوربانیی ئەو توندوتیژییانە، کە لە سوریا روودەدەن. 
عەباس بەیاتی نوێنەری پەرلەمان و یەکێک لە کەسە نزیکەکانی مالکی دەڵێت: داعش و هاوپەیمانە لۆکاڵیەکانی هەوڵ دەدەن ئێمە لە جەنگی سوریاوە بگلێنن. ئێمە لەو پێکدادانانەدا بێلایەنین. "بەڵام لە باشترین حاڵەتیشدا ئەوە تەنها نیوەی راستییەکەیە".

میلیشیاکان لە حکومەتەدا
عێراق سنوری ئاسمانیی خۆی بۆ ئێران کردوەتەوە تاوەکو چەک و هێز بۆ سوریا بگوێزێتەوە. واشنگتۆن چەندانجار ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو کارەی عێراق دەربڕیوە، بەڵام سەرکەوتنێکی بەرچاوی لە ناڕەزایەتییەکان بەدەستنەهێناوە. لەوبارەیەوە فەرمانبەرێکی ئەمنیی حکومەت دەڵێت:    لە هەندێک کاتدا هێزەکانی عێراق راستەوخۆ لە رێگەی ئاسمانەوە لە شاری نەجەفەوە گواستراونەتەوە بۆ دیمەشق. بەڵام بەیاتی ئەو بابەتە رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت: "ئەو کەسانە وەک گەشتیار بۆ ئێران و لوبنان دەڕۆن و ئێمە ناتوانین پێشیان لێ بگرین".
میلیشیاكان پۆستی حکومیشیان هەیە. هادی عامری نەک تەنها سەرۆکی رێکخراوی بەدرە، بەڵکو وەزیری گواستنەوە و گەیاندنیشە. کاروباری فرۆکەخانەکانیش لە ژێر دەسەڵاتی ئەودان.
مانگی ئابی ساڵی رابردوو رێکخراوی بەدر (١٥٠٠) چەکداری بۆ سوریا ناردوە. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ و هەر لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق مالکی دەستی دۆستایەتی بۆ خەزعەلی سەرۆکی گروپی عەسایب درێژکرد. ئەوەش لەکاتێکدا بوو بەهۆی جەنگ لە دژی سەربازانی ئەمریکا ماوەی (٢) ساڵ زیندانیکرا بوو.
لەئێستادا میلیشیاکان بە تەواوەتی چەند بەشێک لە شاری بەغدایان لە ژێر کۆنترۆڵدایە. هاوکات لە ناو پۆلیس و سوپادا پۆستەکانیان لە ئاستی فەرماندەیدایە. لەدوای زاڵبوونی داعش بە سەر موسڵدا ئەو گروپانە لە عێراقیشدا دەستیان بە جەنگ کردوە. لە پارێزگای دیالە، شاری سامەڕا، کە دەکەوێتە باکوری رۆژئاوای بەغدا و لە تەلعەفەری نێوان موسڵ و سنوری سوریا بەرەنگاری داعشە دەکەن.
سمیت لەو بڕوایەدایە کۆکردنەوەی هێزە شیعەکان لە لایەن ئێران لە وڵاتانی کەنداو و یەمەن و تەنانەت ئەفغانستان کارێکی زۆر ترسناکە بۆ عێراق و ناوچەکە. جەخت لەوەش دەکاتەوە "ئێرانییەکان لە ئێستادا نەک تەنها رابەرایەتی سیاسی شیعەکان، بەڵکو سەرکردایەتی سەربازیی شیعەکانیشیان گرتوەتە ئەستۆ".
ئەوەش بەشێکی بچوک لە ئامانجەکانی ئێران بوو لە دوای سەرکەوتنی شۆڕش بەسەر رەزا شای پالەویدا. لە ئێستادا، کە دەستڕۆیشتویی ئەمریکا لە ناوچەکە بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات. ئێرانییەکان لە پێگەیەکی گونجاودان تاوەکو ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە.

*تاتس یەکێک لە گۆڤارە گرنگەکانی ئەڵمانیا
سەرچاوە بە فارسی
http://www.radiozamaneh.com/155828

سەرچاوە بە ئەڵمانی
http://www.taz.de/Krieg-in-Syrien-und-Irak/!140825/



PM:05:49:05/07/2014