مەسرور بارزانی: پێویستە هەڵمەتی هەڵبژاردن دووربێت لە یەکتر شکاندن و پەلاماری یەکتری


مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە بارەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە رایگەیاند" دووربن لە یەکتر شکاندن و پەلاماردانی یەکدی، پێویستە هەمووان پێکەوە داوای مافەکانی خۆمان لە پەرلەمانی عێراق بکەین".

لە ڕێورەسمی دەستبەکاربوون و کردنەوەی پرۆژەی نیشتمانی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە هەولێر مەسرور بارزانی لە وتەیەکدا وتی " پێویستە ئەو نوێنەرانە بنێرین، بۆ ئەوەی بەگری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن، ئەو مافە پێشێلکراوانەی کە لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵیدا تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراون، چ باسی ناوچە دابڕێندراوەکان بێت، چ مەسەلەی بودجە بێت، چ بابەتی پێشمەرگە و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراون بێت، داکۆکی لەو مافانە بکەن و هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو مافانە خاوەن مافەکان بدەن".
 
سەرۆک وەزیران لەبارەی پرۆژەی نیشتمانی گەنمی کوردستان وتی" دەستپێکی بووژانەوەی ئابووری کوردستانە، ئێمە چەندین پڕۆژەی دیکەی گەورەمان لە هەموو شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان هەیە، ئومێد دەخوازین ئەوانیش لەکاتێکی زوودا جێبەجێ بکەین."
 



PM:02:54:27/09/2021