ژمارەیەک پەرلەمانتار: هەرکەسێک لەسەر دەنگدان کێشە بۆ هەر هاوڵاتیەك دروست بکات راپێچی دادگاکانی عێراقی دەکەین

ژمارەیەک ئەندام پەرلەمانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنن" زانیاریمان دەستکەوتوە کە هێزەکانی دەسەڵات کارمەندانی مەدەنی و سەربازیان ئاگادارکردوەتەوە کە دەبێت کارتی دەنگدانیان کۆپی بکەن".

لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا هەریەک لە ئەحمەد حاجی رەشید، د.رێبوار کەریم، د.غالب محەمەد  و سەرکەوت شمس الدین پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەکەن" پاش ئەوەی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زلهێزانەوە، هێزە تەقلیدیەکان ئاگادارکرانەوە کە تەزویرکردن واتە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتەکانیان، لەئێستادا ئەم هێزانە کەوتونەتە پەلەقاژەو دەست بۆ چڵەپوشیش دەبەن، لە هەوڵێکی گەوجانەیاندا بەشێک لەلایەنەکان کارمەندانی مەدەنی و سەربازیان ئاگادارکردۆتەوە کە کارتی دەنگدانیان کۆپی بکەن و بیدەنە کاربەدەستان". 

باس لەوەش دەکەن: هەموو کارمەندانی مەدەنی و سەربازی دڵنیادەکەینەوە کە بەپێی سیستەمی ئەلیکترۆنی هیچ کەس ناتوانێت بزانێ کێ دەنگی بە کێ داوە، هەرکەسێکیش لەسەر دەنگدان کێشە بۆ هەر هاوڵاتیەك دروست بکات ئێمە راپێچی دادگاکانی عێراقی دەکەین، دڵنیابن و بێ ترس بچن دەنگبدەن بەوانەی راستگۆو دڵسۆزی میللەتن.

بڕیارە ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق بەڕێوەبچێت و تیایدا زیاتر لە ٢٥ ملیۆن دەنگدەر ٣٢٩ ئەندام پەرلەمان هەڵدەبژێرن.


PM:06:31:28/09/2021