داوا دەکرێت یاسایەک لەهەرێم دژی ئەشکەنجەدان دەربکرێت


سەنتەری پەرەپیدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ چەند داوایەک ئاراستەی بەرپرسانی هەرێم لەبارەی ئەشکنجەدانەوە لە زیندانەکان دەکات، گرنگترینیان دەکردنی یاسایەکە دژی ئەشکەنجەدان.
لە راگەیاندنێکدا کە رێکخراوی سەنتەری پەرەپیدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ، DHRD  دەریکردووە داوا دەکات، دەسەڵاتی دادوەری لەکاتی بوونی هەر بانگەشەیەکی ئەشکەنجە بەزووترین کات لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و دەستبەجێ ئەنجام بدات و لایەنی پێشێلکار ڕووبەڕووی یاسا بکاتەوە"٠
هەروەها داواش دەکەن، هەوڵی دامەزراندنی دادگای تایبەتمەند بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەشکەنجە بدرێت تاکو کەسانی شارەزا لەو بوارەدا بەو ئەرکە هەستن بەمەبەستی بنەبڕکردن و کەمکردنەوەی دیاردەی ئەشکەنجە.

راگەیاندنەکە
دیاردەی ئەشكەنجەو مامەڵەی نامرۆڤانە لە عێراق و هەرێمی كوردستان

    پاش بڵاوبوونەوەی ئەشكەنجەدانی هاوڵاتیەك لە پارێزگای بابل كە بووەتە جێگەی باس و خواستی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و دواتر دەركەوتنی ناڕاستی ئەو وتانەو ئەنجامدانی لیكۆلینەوە و لێپرسینەوە لەو ئەفسەرەی ئەشكەنجەدانەكەی ئەنجامداوە لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە . وە تێڕوانینی ڕێكخراوی (DHRD) بۆ ئەم دیاردەیە تازە نیە و هەواڵێكی سەرسوڕهێنەر نیە بەڵام بە دەرفەتێکی باشی دەزانین کە هەڵوێستەی لەسەر بکەین چونكە ڕۆژانە ئەم دیاردەیە دەبینین و وە گوێبیستی هەواڵی لەم جۆرە دەبینەوە ،وە كەم نین یٔەو بانگەشانەی كە لەلایەن تۆمەتبارانەوە ئاماژەی پێدەکرێت لەسەر خراپی مامەڵە و بەكارهێنانی ئەشكەنجە و زۆرلێكردن بۆ وەرگرتنی وتەكانیان لەكاتی لێكۆڵینەوەدا، تائەو ڕادەیەی کە هاوڵاتیان متمانەیان بە دادگاکان و لایەنەکانی لێکۆڵینەوە لاواز بووە ، وە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بەسەروەری یاسا و سەلامەتی لێکۆڵینەوە لە کاتی گلدانەوە لە بنکەکانی پۆلیس و دەزگا ئەمنیەکان هەموو ئەمانە لە ئەستۆی دادگا و داواکاری گشتی و لایەنی پەیوەندیداری وەک وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای ئاسایشە . تاکو بنەمای دادگەری لە کۆمەڵگەدا بەرجەستە ببێت و کەسانی بێ تاوان نەبنە قوربانی کە ئەشکەنجەدان فاکتەری سەرەکیە بۆ دەربازبوونی تاوانبارانی ڕاستەقینە لە یاسا. 
   بەلام بەشێوەیەكی گشتی و لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان تاكو ئێستاش لای ژمارەیەكی بەرچاوی دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی و پارێزەران وئەفسەرانی لێكۆلینەوەی پۆلیس و ئاسایش و دژە تیرۆر ئەو باوەڕە هەیە كە(اعتراف سید الادلە)، وە بە هەرشێوەیەک بێت هەوڵی بەدەست هێنانی اعتراف دەدەن لەم ڕوانگەیەشەوە زۆربەی زۆریان وا بیردەکەنەوە بۆ بەدەستهێنانی اعتراف دەبێت جۆرێك لەجۆرەكانی ئەشكەنجەدان و مامەڵەی دڵڕەقانەو ونامرۆڤانە پیادەبكرێت بۆ وەرگرتنی وتەی تۆمەتباران وەك یٔەوەی جۆرێك لە قبوڵكردن هەبێت لەسەر بابەتەكە و دەڵێن لێكۆڵینەوە بەنەرم و نیانی و تێڕوانینی مرۆڤ دۆستانە و قسەی خۆش ناچێت بەڕێوە، هەموو هونەری لێكۆڵینەوە و كەشفی تاوانەكان دەبەستنەوە بە دانپێدانانی تۆمەتباران ، ئەمەش خاڵە سەرەكی و جیاوازیەكەیە كە داكۆكیكاران لەمافی مرۆڤ بەردەوام قسەی لەسەر دەكەن و پێگەی عێراق و هەرێمی كوردستانی بەرامبەر بە پاراستن و داكۆكیكردن لەمافەكانی مرۆڤی هێناوەتە ئاستێكی زۆر نزم و متمانەی هاوڵاتیانی بەو دام و دەزگایانە زۆر لەق و لاواز كردووە . بۆیە ئێمە لە ڕێكخراوی DHRD داوا لە ئەنجومەنی دادوەریی و دەزگای داواكاری گشتی و وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایش دەكەین كە پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و تۆمەتباران و رێزگرتن لەكەرامەت و شكۆی مرۆڤ بكەنە هەوێنی سەرجەم ڕێكارەكانی لێكۆلینەوە لەتاوان و دەرخستنی ڕاستیەكان، ئەمانە هەمووی شان بەشانی پاراستنی ئەمن و ئاسایشی هاوڵاتیان و وڵاتەكەمان بێت .چونکە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ هیچی کەمتر نیە لە پاراستنی ئەمن و ئاسایشی کۆمەڵگە ، وە داوادەکەین :
١/  پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە زووترین کات کاربکات بە مەبەستی دەرچوواندنی یاسایەکی تایبەت بۆ ڕێگری و بەرگرتن لە دیاردەی ئەشکەنجەدان ٠
 ٢/دەسەڵاتی دادوەری لەکاتی بوونی هەر بانگەشەیەکی ئەشکەنجە بەزووترین کات لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و دەستبەجێ ئەنجام بدات و لایەنی پێشێلکار ڕووبەڕووی یاسا بکاتەوە٠
 ٣/ هەوڵی دامەزراندنی دادگای تایبەتمەند بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەشکەنجە بدرێت تاکو کەسانی شارەزا لەو بوارەدا بەو ئەرکە هەستن بەمەبەستی بنەبڕکردن و کەمکردنەوەی دیاردەی ئەشکەنجە.
             DHRD  
 سەنتەری پەرەپیدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ



PM:09:15:29/09/2021