کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی پارتی: لە هەر پێنج بازنەکەی سلێمانی بەربژێرەکانمان دەردەچن


بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە پێشبینی دەکات لە هەر پێنج بازنەکەی پارێزگای سلێمانیدا بەربژێرەکانیان سەرکەوتوو بن.
 
رزگار ئەژی گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە بە میدیاکانی نزیک حیزبەکەی راگەیاندووە " دڵنیاین کە ئەم هەڵبژاردنەیش وەکو تاکە حیزب زۆربەی کورسییەکان بۆ پارتی دەبن. پێشبینی دەکەم ژمارەی کورسییەکانمان لەمەی ئێستا زیاتر ببێت. لە پارێزگای سلێمانییش پێشبینی دەکەین لە هەر پێنج بازنەکەدا بەربژێرەکانمان سەرکەوتوو بن."
 
ئەو بەرپرسەی دەزگای هەڵبژاردنی پارتیدەشڵیت  "ئێمە زۆر جار لە سلێمانی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە رێگریمان لێ دەکرێت کە راپرسی بکەین. ئەوە وایکردووە کە نەتوانین لە کاتی پێویستدا راپرسییەکانمان بکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هەر کردووەمانە. ئەو چەند راپرسییەی ئێستا لە بەردەستی مندایە کە هیچیان هی ناوخۆی پارتی نییە، بەڵکو لایەنی بێلایەن و خەڵکی دەرەوە کردوویانن، زۆربەی زۆریان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەم هەڵبژاردنەدا پارتی سەردەکەوێت."

رزگار ئەژی گۆران لەبارەی ساختەکارییەوە لە هەڵبژاردندا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ساڵی ٢٠١٨ ساختەکاری ئەوەندە بەهێز بوو کە ئەوان و لایەنە ناڕازییەکانی دیکەی لێک نزیک کردەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکی راستەوخۆیان لەگەڵ یەکدیدا هەبێت تا بتوانن بەر بەو ساختەکارییە بگرن. ئەو کاتە سەعید کاکەیی کە سەر بە گۆڕان بوو، لە بەغدا کۆمیسیار بوو، لە راپۆرتێکدا دەڵێت: "رێژەی ساختەکاری لە سلێمانیدا ٩٣٪ بوو."
 
رزگار ئەژی گۆران ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان ساڵی ٢٠١٤ بۆ پەرلەمانی عێراق ٩٣ هەزار دەنگیان هێناوە، لە ٢٠١٨دا کە پێشبینییان دەکرد سێ-چوار کورسی ببەنەوە، یان بە لایەنی کەمەوە دوو پیاو و ئافرەتێکیان دەربچێت، یەک هەڤاڵیان دەرچوو و سەریان سووڕماو بوو کە ٤٨ هەزار دەنگیان هێناوە.

سنوری پارێزگای سلێمانی ١٨ کورسی تێدایە، ئەو هێزە سەرەکیانەی کێبەرکێی لەسەر دەکەن، هاوپەیمانی کوردستانی یەکێتی و گۆڕان و نەوەی نوێ و پارتی و ئیسلامییەکان و ژمارەیەک کاندیدی سەربەخۆ.




PM:08:21:02/10/2021