قاسمی سلێمانی،جەنەڕاڵە بێ سێبەرەکەی ئەودیو جەنگ‌و دیپلۆماسی

‌قاسمی سلێمانی
فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران
"جەنەڕاڵە بێ سێبەرەکەی ئەودیو جەنگ و  دیپلۆماسی"
دەنگی ئەمریکا
بۆ کوردی: میدیا هونەر
توڕە کۆمەڵایەتی و ماڵپەڕەکان پڕن لە وێنە و ڤیدیۆی ئەو کەسە. لەمێردمنداڵییەوە تاوەکو ئەمڕۆ. لە زۆربەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە کورتانە و وێنە ئیتنەرنێتییەکاندا سەری کز کردوە و لە گۆشەیەکەدا راوەستاوە، یان خەریکی رشتنی فرمێسکە بۆ هاوڕێیەکی، کە ماڵئاوایی لە ژیان کردوە.
لەم رۆژانەدا ناوی قاسم سولەیمانی (سڵێمانی) فەرماندە تەمەن (٥٧) ساڵەکەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە زۆربەی هەواڵە پەیوەندیدارەکان بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرچاو دەکەوێت. هەفتەیەک لەوە پێش داعش لە راگەیاندراوێکدا سولەیمانی و سوپای قودسی بە بەربەست نیشاندابوو لە بەردەم سەرکەوتنە بەردەوامەکانیاندا. پێشتریش دژبەرانی ئەسەد لە سوریا سولەیمانی و هێزەکەی بە هۆکاری سەرکەوتنی دیمەشق لە سەرکوتی دژبەرانی ئەسەددا ناساندبوو.  بەپێی بۆچوونی زۆربەی چاودێرانی گۆڕانکاری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو کەسە بڕیاردەری سەرەکیی ئێرانە لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی سوریا و عێراق و لوبنان و ئەفغانستانەوە.
ئەو فەرماندە پاسدارە خەڵکی کرمانە، فەرماندەیی هێزێکی (١٥) هەزار کەسیی لە ئەستۆدایە. سوپای قودس بە هێزێکی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دەناسرێت. سوپای قودس کارەکانی بە هاوکاریکردنی چریکە کوردەکان (پێشمەرگە) بۆ جەنگ لە دژی سەدام و هاوکاریکردنی چەکدارەکانی ئەفغانستان بۆ بەرەنگاربونەوەی سۆڤیەت  دەستپێکرد، بەڵام هێدی هێدی سنوری کارەکانی بە هەمو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبوویەوە. ئەو سوپایە لە ساڵی (١٩٩٧) بەرامبەر بە (١٣٧٦ی هەتاوی) لە لایەن رابەری ئێران (خامنەییەوە) درایە دەستی قاسمی سولەیمانی. تۆمەتی قورسی وەک تەقاندنەوەی بنکەی سەربازانی ئەمریکا لە لوبنان لە دەییەی (١٩٨٠ی زایینی) و تەقینەوەکەی ئەلخوبر لە سعودیەی خراوەتە پاڵ. ئەو تۆمەتانەش هەمو کات لە لایەن ئێرانەوە رەتکراونەتەوە.
سولەیمانی کەسێکی سەربازیی پلە بەرز و کۆنی ئێرانە. کاتێک پرسە بۆ مردنی دایکی دادەنێت کەسایەتی وەک کوڕی رابەری ئێران، ئەندامانی کابینەی حکومەتی ئێستا و حکومەتەکانی پێشوو، نوێنەرانی پەرلەمان و گەورە پیاوانی ئایینی، فەرماندەکانی ئێستا و پێشووی سوپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی دیکەی ئێران، بەرپرسانی دەزگای دادوەری و تەنانەت بەشێک لە دیپلۆماتە بیانییەکانی وەک باڵێوزی سوریا لە ئێران بۆ سەرەخۆشیکردن ریزیان بەستوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کوڕەکەی "عیماد موغنییە"، فەرماندە کوژراوەکەی حیزبوڵای لوبنان لە پشت سەرییەوە راوەستاوە. لەو رووەوە دەکرێت مەزەندە بۆ بەربڵاویی سنووری دەستڕۆیشتویی سولەیمانی لە ئێرانەوە تاوەکو لوبنان و سوریا بکرێت. بەڵام لەراستیدا کارەکانی سولەیمانی لە عێراقدا بووە هۆی ئەوە، کە ناوەکەی بڵاوبێتەوە.
گەڕانەوە بۆ عێراق لە رێگەی کوردستانەوە
گەرچی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران لە ساڵی (١٩٩٧)ەوە کراوەتە فەرماندەی ئەو هێزە، بەڵام ناوەکەی بۆ یەکەمجار لە دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە میدیاکانی رۆژئاوا بڵاوکرایەوە. دژبەرە شیعەکانی سەدام حوسەین و چریکە (پێشمەرگە) کوردەکانی عێراق لە سەردەمی جەنگی ئێران و عێراقەوە لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرا. لەگەڵ روخانی سەدامدا گەڕانەوە بۆ عێراق تاوەکو لە دیاریکردنی چارەنووسی داهاتوی ئەو وڵاتەدا رۆڵیان هەبێت. سولەیمانیش خاڵێکی هاوبەشی لەگەڵ ئەو گروپانەدا هەیە. ئەویش لە ماوەی (٨) ساڵ جەنگی ئێران و عێراقدا لە دژی هێزەکانی سەدام جەنگاوە.
چەند ساڵ دوای روخانی سەدام، هێدی هێدی بەرپرسانی پلە دووی کوردستانی عێراق و هەندێک لە بەرپرسانی حکومەتی ناوەندیی بەغدا باسیان لە قاسم سولەیمانی وەک دووەم کەسی بڕیاردەری ئێرانی لەبارەی عێراق لە دوای خامنەییەوە دەکرد. بەپێی نووسراوێکی رۆژنامەی "کریستین ساینس مانیتۆر" ساڵی (٢٠٠٨) هێزە عێراقییەکان توانای سەرکوتی راپەڕینی میلیشیا شیعەکانی لایەنگری موقتەدا سەدریان لە بەسرە نەمابوو. ناوبژیوانی سولەیمانی بووە هاوکار بۆ بەرپرسانی عێراق تاوەکو ئارامی بۆ ئەو شارە بگەڕێتەوە. ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" و "ئەسیۆشەیتدپرێس" باسیان لە ناوبژیوانی بەرپرسە باڵاکانی ئێران بۆ کۆتایهێنان بە پێکدادانەکان کردبوو.  "تۆڕی رۆژنامەکانی مەک کلاچی" لە ئەمریکا بە شێوەیەکی دیاریکراو باسیان لە قاسم سولەیمانی کردبوو. دەوترێت موقتەدا سەدر، پیاوە ئایینییە گەنجە شیعەکە سوود لە پشتیوانییەکانی ئێران وەردەگرێت.
سولەیمانی جارێکیتر لە کاتی پێکدادانە خوێناوی و درێژخایەنەکانی شارۆچکەی سەدر، ناوچەی شیعە نشینی بەغدا لە ژێر کۆنترۆڵی موقتەدا سەدردا، هاتەوە گۆڕەپانەکە. سەردانی شاندێک لە عێراقەوە بۆ تاران بووە هۆی ئاگربڕ لە شارۆچکەی سەدردا. ئەوەش نیشانەی دەستڕۆیشتویی ئێرانە لە ناو گروپە عێراقییەکاندا. بەپێی رۆژنامەی "کریستین ساینس مانیتۆر" جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێراق لە بەهاری ئەو ساڵەدا بۆ جارێکیتر چاوی بە سولەیمانی کەوتوە. دەرەنجامی ئەو چاوپێکەوتنە پەیامێک بووە بۆ جەنەڕاڵ "دیڤید پیترایۆس"ی فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق. وەک دەوترێت سولەیمانی لە پەیامەکەیدا وتویەتی: "ئێمە هەمومان –عێراق، ئێران و ئەمریکا- پێویستە هاوکاری بکەین تاوەکو دۆخەکە سەقامگرتوو بکەین".
گەرچی ئەو دەستێوەردانەی ئێران بووە هۆی ئەوە، پێکدادانە خوێناوی و توندەکانی شارۆچکەی سەدر کۆتاییان پێ بێت، بەڵام هەر ئەو بابەتەش بە روونی دەیسەلمێنێت، کە هێزەکانی سوپای قودس رۆڵێکی سەرەکییان لە پێکهەڵپژانی نێوان گروپە عێراقییەکاندا هەبووە.
ئەمریکا پێش ئەوەش هەەوڵیدابوو، پێش لە رۆڵی هێزەکانی سوپای قودس لە ناجێگیرکردنی دۆخی عێراقدا بگرێت. لە کانوونی دووەمی ساڵی (٢٠٠٧)دا بوو، کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق هێرشیان کردبووە سەر بینایەکی حکومەتی ئێران لە شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق، لەو هێرشەدا (٥) هاوڵاتیی ئێران دەستگیرکرابوون. سەرچاوە ئەمریکییەکان رایانگەیاندبوو کەسە دەستگیرکراوەکان ئەندامانی دەزگا هەواڵگری وسەربازییەکانی ئێرانن، کە بۆ هاوکاریکردنی یاخیبووەکان هاتونەتە عێراق، بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئەو بینایە کە هێرشی کرابووە سەر بە کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر و دەستگیرکراوەکانیشیان بە دیپلۆماتە ئێرانییەکان ناودەبرد. دواتر ئەو کەسە دەستگیرکراوانە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئازاد کران.
هەر لەو ساڵەدا بوو، چەندانجار ناوی قاسم سولەیمانی لەسەروبەندی دانوستانەکانی نێوان بەرپرسانی عێراقی و ئەمریکیدا ئاماژەی پێکرابوو. سولەیمانی لە رێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی و هەندێک لە کەسایەتییە دیارەکانی کورد پەیامی بۆ بەرپرسە ئەمریکییەکان دەنارد. تەنانەت هەندێکجاریش داوای گفتوگۆی لەگەڵدا کردبوون. هەڵبەت بە پێی پشتڕاستکردنەوەی سەرچاوە رەسمییەکان هەرگیز گفتوگۆ رووی نەداوە. سەرباری هەمو ئەوانەش میدیا ئەوروپی و ئەمریکییەکان تەنها لەدوای بەرزبونەوەی ئاستی پێکدادانە سەربازییەکان لە سوریا کەوتنە باسکردن و هەڵسەنگاندنی رۆڵی سولەیمانی لە ناوچەکەدا.
رۆژنامەی "وڵ ستریت جۆرناڵ" لە راپۆرتێکیدا، کە لە مانگی نیسانی (٢٠١٢)دا بڵاویکردوەتەوە ئاماژەی بەوەکردوە سولەیمانی لە ساڵی (٢٠٠٨)دا پەیامێکی لە رێگەی "ئەحمەد چەلەبی"، سیاسەتمەداری عێراقی بۆ جەنەراڵ پیترایۆس، فەرماندەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق ناردوە. سولەیمانی لەو پەیامەدا وتبوی بۆ خۆی راستەوخۆ سیاسەتی ئێران لە عێراق، لوبنان، باریکەی غەزە (فەلەستین) و ئەفغانستان ئاراستە دەکات. "وڵ ستریت جۆرناڵ" لە راپۆرتەکەیدا سولەیمانیی بە بەرپرسیاری بەرەنگاربوونەوە و دژایەتیکردنی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ناساندوە.
لە ئۆکتۆبەری (٢٠١٢)دا و لەکاتێکدا سولەیمانی لەگەڵ چەند بەرپرسێکی هەواڵگری و ئەمنیی ئێران بە هۆی رۆڵیان لە سەرکوتی خەڵکی سوریا و پلاندانان بۆ تیرۆری باڵێوزی سعودیە لە ئەمریکا، لە لایەن یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکاوە خرابووە لیستی سزاکانەوە، سولەیمانی بوو بە ئامانجی راپۆرتێکی "نیویۆرک تایمز". بەپێی ئەو راپۆرتە  جەنەڕاڵ دیڤید پیترایۆس لە نامەیەکدا بۆ "رۆبێرت گەیتس"ی وەزیری بەرگری ئەو کاتی ویلایەتە یەکگرتوەکان لە ساڵی (٢٠٠٨)دا ئاماژەی بە ئاستی دەستڕۆیشتویی سولەیمانی لە عێراقدا کردبوو و نوسیبووی: "ئەوەی لەم هەفتەیەدا زیاتر لە هەمو شتێک ئێمەی لەناکاو تووشی سەرسوڕمان کرد رووداوی پەیوەندیدار بە دەستێوەردانە راستەوخۆکانی ئێران لە پیلانگێڕییە سیاسییەکانی عێراقدا بوو".
نیویۆرک تایمز نووسیبووی جەنەراڵ پیترایۆس لە رێگەی چەند ناوبژیوانێکەوە پەیوەندیی لەگەڵ فەرماندە سولەیمانیدا هەبووە. سەرباری ئەوەش تەنانەت چاوپێکەوتنی نهێنیی لە نیوانیاندا رەتکردوەتەوە، چونکە لەو بڕوایەدا بووە (چاوپێکەوتن) پێگەی فەرماندەی هێزەکانی سوپای قودس بەهێز دەکات.
ئەگەر ئەو راپۆرتانە و بەڵگە بڵاوکراوەکانی ماڵپەڕە لە قاودەرەکەی ویکیلیکس و بەڵگەکانی دەستێوەردانی راستەوخۆی سولەیمانی لە بارودۆخی سیاسی کوردستانی عێراقدا بخەینە سەر یەک، ئەوا رۆڵی فەرماندەی هێزی قودس لە عێراقدا زیاتر ئاشکرا و روون دەبێتەوە. رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی و رۆژنامەی "لۆمۆند"ی فەرەنسی لەمانگی حوزەیرانی (٢٠١٠)دا چەند بەڵگەیەکی ویکیلیکسیان بڵاوکردەوە، کە نیشاندەری ئەوە بوو ئێران هەمو کات هەوڵیداوە لە هەر رێگەیەکەوە بێت دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا بکات.
ئەو وێنەیە، کە لەو بەڵگەنامانەدا لە باڵێوزخانەی ئێران لە بەغدا خراوەتەڕوو، نیشاندەدات باڵێوزخانەکە ناوەندێکە دەتوانێت "نەرمی لە بڕواکان و هاوکاریی لۆجستی" لە یەک کاتدا بەڕێوە ببات و پشتیوانی لە چەند گروپ بە ئاراستەی دژبەیەک لە عێراقدا بکات. ئەوەش بە جۆرێکە، کە پشتیوانییەکان تەنها تایبەت نییە بۆ حزبە شیعەکان، بەڵکو لایەنە کوردییەکان و عەرەبە سونەکانیشی لەخۆ گرتوە. هەروەها لەو بەڵگەنامانەدا ئاماژە بە رۆڵی قاسم سولەیمانی فەرماندەکەی سوپای قودس بەمشێوەیە کراوە "پیاوی ژمارە دووی ئێران لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی عێراق لە دوای ئایەتوڵا خامنەییەوە".
بەپێی ئەو بەڵگەنامانە سولەیمانی توانیویەتی لەگەڵ ژمارەیەک سیاسەتمەداری دیاری عێراق پەیوەندیی نزیک و تایبەتی کەسی دروست بکات، کە لەو نێوەشەدا ئاماژە بە ناوی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێراق، عادل عەبدولمەهدیی جێگری تاڵەبانی، نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئیبراهیم جەعفەری سەرۆک وەزیرانی پێشوو دەکرێت.
گەرچی ئەو بەڵگەنامانە باس لە سیاسەتمەدارە ئێرانییەکان و قاسم سولەیمانی وەک ئەکتەری لێهاتوو لە سیاسەتی عێراقدا دەکەن، بەڵام نیویۆرک تایمز لە زاری پیترایۆسەوە سولەیمانی بە مرۆڤێکی شەڕانگێز ناساندوە. بە پێی نووسراوەکەی نیویۆرک تایمز پیترایۆس هەرگیز بڕوای بەو قسەیەی سولەیمانی نەکردوە، کە وتویەتی هێزەکانی سوپای قودس رۆڵیان لە چالاکییەکانی دژ بە ئەمریکییەکاندا نەبووە. سولەیمانی ئەو پەیامەی لە دوای دەستگیرکردنی (٥) هاوڵاتیی ئێرانی لە بینای کونسوڵگەریی ئێران لە شاری هەولێر بۆ پیترایۆس ناردبوو. هەر چۆنێک بێت بەپێی بەڵگە بڵاوکراوەکانی گاردیان و لۆمۆند، لەبارەی جموجوڵی هێزەکانی ئێران لە عێراق ئەوە خراوەتەڕوو، کە پەیوەندییان لەگەڵ هەمو هێزەکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و تەنانەت سونەکاندا هەیە و مامەڵەیان لەگەڵ کردون تاوەکو لە پێکهێنانی حکومەتدا بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی دابین بکەن. بۆ ئەوەش (١٠٠) ملیۆن تاوەکو (٢٠٠) ملیۆن دۆلاریان خەرجکردوە.

کەمبوونەوەی دەستڕۆیشتویی لە کوردستان
راپۆرتەکان و بەڵگە پرژو بڵاوەکان ئەوە دەخەنەڕوو، کە بەشێک لە دەستڕۆیشتویی قاسم سولەیمانی لە عێراقدا پشتبەستوو بووە بە دەستڕۆیشتوبوونی لە ناو کەسایەتییە کوردەکاندا.
نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، بەمدواییانە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "رووداو" وتویەتی: "لەساڵی (١٩٩٩)ەوە نوێنەری جەلال تاڵەبانی و حزبەکەی بووە لە ئێران. تێکڕای پەیوەندیی لایەنە کوردیەکان لە رێگەی قاسم سولەیمانییەوە بەڕێوەچووە".
 میدیاکانی کوردستانی عێراق دەڵێن سولەیمانی کاریگەریی زۆری بەسەر سەرکردە کوردەکانەوە هەیە. بە پێی قسەکەی دەباغ ئەو فەرماندەیەی سوپای قودس لە گەشتە پێشووەکانیدا بۆ هەولێر میوانی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بووە. هەروەها لە گەشتەکانیدا بۆ سولەیمانی میوانی جەلال تاڵەبانی بووە.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لەو بڕوایەدایە قاسم سولەیمانی نەک تەنها بەرپرسی پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامییە، بەڵکو بەرپرسی هەمو پەیوەندییەکانی ئێرانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دوو ساڵ لەوە پێش نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق بە بی بی سی راگەیاندبوو "راستییەکەی ئەوەیە دۆسیەی عێراق لەدەستی قاسم سولەیمانیدایە. ئەگەر ئەمریکا یان هەر وڵاتێکی دیکە بیەوێت لەبارەی  عێراقەوە گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بکات، ئەوە بە بڕوای من دەبێت لەگەڵ سولەیمانیدا قسە بکات".
ئەو دەستڕۆیشتوییەی قاسم سولەیمانی بووە هۆی ئەوە، کە میدیاکان پاشناوی "جەنەراڵی بێ سێبەر"ی بۆ بەکاربهێنن. واتە ئەو کەسەی لە هەمو شوێنێکدا هەیە، بەڵام بوونی نابینرێت، بەڵام رووداوەکانی ئەمدواییەیی کوردستانی عێراق ئەوەی دەرخست، کە پشتبەستوویی تاڵەبانی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە فەرماندەکەی سوپای قودسی ئێران بووەتە هۆی لاوازبوونی پێگەیان لە وڵاتەکەیاندا. هەر لەو رۆژانەدا، کە میدیاکان بە بەردەوامی باسی ئامادەبوونی قاسم سولەیمانیان لە سوریا بۆ پشتیوانی لە ئەسەد دەکرد، پێگە و خۆشەویستیی هاوپەیمانەکانی سولەیمانی لە کوردستاندا رووی لە کەمبوونەوە دەکرد.
دوای هەڵبژاردنی سەرتاسەریی سپتەمبەری (٢٠١٣)، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رووبەڕووی هەلومەرجێکی نوێ بویەوە. ئەو حزبە لە کۆی (١٠٠) کورسیی پەرلەمانی کوردستان تەنها (١٨) کورسیی بەدەستهێنا. پاش نزیکەی (٩) مانگ ناکۆکی لەسەر پێکهێنانی کابینەی حکومەت، چوار حزبی براوە لە کۆی پێنج حزبە براوەکەی هەڵبژاردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ رێکەوتن. لەو کابینەیەدا یەکێتی نیشتیمانی خاوەنی کەمترین پۆستی وەزارەتە سیادی و گرنگەکانە.
ئەوەش نیشاندەدات ئیدی سەرمایەگوزاریی سولەیمانی لەسەر یەکێتی نیشتیمانی ناتوانێت بەرژەوەندییەکانی ئێران لە کوردستانی عێراق دابین بکات. ئەویش بەرژەوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کە لە رووی ئاسایشییەوە بە هۆی بەستنەوەی سوریا و تورکیا و هەروەها لە رووی ئابووریشەوە گرنگییەکی زۆر باڵای بۆ ئێران هەیە.
پێدەچێت بەهۆی گۆڕانکاری لە کەشی سیاسی کوردستان و رووداوەکانی عێراقدا رۆڵی فەرماندەکەی سوپای قودسی ئێران لەو وڵاتە (عێراق) لە هەر قۆناغێکدا شێوە و رەنگێکی نوێ لە خۆی بگرێت. فەرماندە کورتەباڵا و کەم دووەکەی هێزی قودس، کە لە ئێستادا کەمتر داڵغەی سوریای هەیە بە هۆی پێشڕەویی چەکدارەکانی داعش لە عێراقدا رۆژگەلێکی قورس و پڕکاری لە پێشدا دەبێت.

سەرچاوە:
http://ir.voanews.com/content/ghasem-soleimani-force-qods-iran-sepah-commander/1938345.html
  
    



PM:07:08:07/07/2014