لەبارەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلێکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ پێشوازی لە بلۆگەرێک روونکردنەوە دەدرێت

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر  رایانگەیاند" یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان کە تابلۆی وەزارەتەکەی لەسەر بووە بە هەڵسوکەوتێکی کەسی و بەبێ ئاگاداری ئیدارەی فڕۆکەخانە لە لایەن یەکێک لە شۆفێران لە پێناو ئەنجامدانی کاری کەسی بەکارهێنراوە". 

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئاگاداری هاوڵاتیان دەکەین کە یەکێک لە ئۆتۆمۆبیلەکان کە تابلۆی وەزارەتمان (وەزارەتی گواستنەوە وگەیاندن) لە سەرە بە هەڵسوکەوتێکی کەسی و بەبێ ئاگاداری ئیدارەی فڕۆکەخانە لە لایەن یەکێک لە شۆفێران لە پێناو ئەنجامدانی کاری شەخصی بەکارهێنراوە بە دەر لە یاسا و رێنمایی. 

ئاماژەی بەوەشکردوە" وەزارەتى گواستنەوه وگەیاندن و بەڕێوەبەرایەتی گشتی فڕۆکەخانەی هەولێر بەپێی یاسا بەدواداچون و لێکۆڵینەوە لەو بابەتەکە دەکەن و رێکارە یاساییەکان دەگرنە بەر بەرامبەر ئەم هەڵسوکەوتە نەشیاوە و لە یاسا دەرچونەی فەرمانبەری سەرپێچی کار". 


PM:07:31:22/10/2021