گردبوونەوەی مامۆستایانی وانه‌بێژ له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان دەستیپێکردەوە

بەیانی ئەمڕۆ بۆ (١٦) یەم ڕۆژ لەسەر یەک لە بەشێک لە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ جارێکی دیکە دەستیپێکردەوە. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، ئەمڕۆ مامۆستایانی وانەبێژ له‌به‌رده‌م بینایی په‌رله‌مانی كوردستان گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان ئەنجام دا و داواكارییەكەیان بۆ دامەزراندن دووپاتكردەوە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، هەر ئەمڕۆ لە شارەکانی (سلێمانی، هەڵەبجە، دوكان و سەیدسادق، ڕانیە و قەڵادزێ و ئیدارەی گەرمیان) مامۆستایان لەسەر شەقامەكان گردبوونەتەوە و جەخت لەوە دەكەنەوە، ئەگەر داواكاریەكانیان جێبەجێ نەكرێت، لە بایكۆت كردنی هۆڵەكانی خوێندن بەردەوام دەبن.

بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆبێتەوە و تیایدا چەند پرسێک دەخرێتەڕوو، لەوانە، خستنەڕووی بەدواداچوون و كارەكانی پەیوەست بە دۆخی سوتەمەنی و چارەسەرییەكان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەلایەن لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی، هەروەها لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا كارەكانی پەیوەست بە بابەتی سێ یەكەمەكان و وانەبێژان و ئامادەكارییەكان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار تاوتوێ دەکرێت.


AM:10:31:26/10/2021