وێنە.. چوار تیرۆریستی مەترسیداری جیهان بناسە

چالاكییەكانی ئەم دواییەی چەكدارەكانی داعش لەعێراق‌و كردەوە تیرۆریستیییەكانی بوكۆحەرام لەنیجیریا‌و چەندین ناوچەی دیكەی جیهان جارێكی دیكە رای گشتی جیهانی بۆ لای توندڕەوە ئیسلامییەكان راكێشا.

زۆربەی ئەو كردەوانە لە توندوتیژی‌و كوشت ‌و بڕی خەڵك لەلایەن چواركەس رابەری دەكرێن كە بریتین لە:

 تیرۆریستی ژمارە یەك: ئەبوبەكر بەغدادی، خەلیفەی "دەوڵەتی ئیسلامی" داعش















بەغدادی ئەو كەسەیە كە ئەلقاعیدەی لەعێراق بەناوی داعش دامەزراند‌و لەماوەی چەند هەفتەی رابردوو چەندین ناوچەی گرنگی عێراقی كۆنترۆڵ كرد.
بەغدادی ساڵی 1971 لەشاری سامەڕا لەدایك بوو، لە گەنجێتی‌و پاش تەواو كردنی خوێندن تێكەڵ بە لقی ئەلقاعیدە لە عێراق دەبێت‌و بە خێرایی پلەكانی توانایی بەدەست دێنێت، بەجۆرێك كە ئەمەریكا خەڵاتێكی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ سەری ئەبوبەكر بەغدادی دادەنێت.


تیرۆریستی ژمارە دوو "شاكر وەهیب" شێری سەحرا


















شاكر وەهیب كە بە "شێری سەحرا" ناسراوە لەراستیدا بەجێگری باڵای بەغدادی سەركردەی داعش دەناسرێت. شاكر ئەو كاتە بەناوبانگ بوو كە خۆی نیشانی میدیاكاندا.
بەپێی زانیارییەكانی دەزگای ئستخباراتی ئەمەریكا (CIA) شاكر وەهیب ساڵی 2003 پاش روخانی رژیمی سەدام بە ئەلقاعیدە پەیوەست بووە. رای گشتی جیهان لەرێگەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە تێیدا وەهیب سێ پیاوی سوری دەكوژێت، شاكر وەهیب دەناسێت.


تیرۆریستی ژمارە سێ: ئەبوبەكر شیكاو، بكوژی ئەفریقا
















ئەبوبەكر شیکاو، فەرماندەی گروپی بوكۆحەرام كە رای گشتی جیهان لە رێگەی فایلە دەنگ‌و وێنەییەكانی كە هاوشێوەی "ئوسامە بن لادن" سەركردەی پێشووی ئەلقاعیدەیە دەناسێت. ئەو لەزۆرێك لە گرتەڤیدیۆییەكان بە جۆرێك پێكەنینی سەیر دەردەكەوێت كە زۆركەس پێیانوایە لەژێر كاریگەری مادەی سڕكەر یا خواردنەوەی كحولی دایە. ئەو سەركردەی دڕندەترین گروپی تیرۆریستی جیهانە كە سەدان كچی بێتاوانیان رفاندوە‌و بەرپرسە لەكوشتنی 10 هەزار كەس لە خەڵكی ئەفریقا بەتایبەت نیجیریا.
ئەبوبەكر شیكاو لەنێوان ساڵانی 1969 تا 1975 لە نیجریا لەدایك بووە‌و ساڵی 2002 بە گروپی بوكۆحەرام پەیوەست بووە. ساڵی 2009 پاش كوژرانی سەركردەی بوكۆ حەرام بوو بە فەرماندەی ئەم گروپە.


تیرۆریستی ژمارە چوار: ناسر وەحیشی، سەركردەی قاعیدە لەیەمەن

















ناسر وەحیشی یەكێك لەو سەركردانەی ئەلقاعیدەیە كە بە پێی زانیارییەكانی (CIA) لقی یەمەنی ئەلقاعیدەی كردوەتە یەكێك لە مەترسیدارترین بەشەكانی قاعیدە. ئەو لە دەیەی 90 لە ئەفغانستان لەگەڵ ئوسامە بن لادن لە كێوەكانی تۆرابۆرا شەڕی كردوە. دواتر لەلایەن حكومەتی یەمەن دەستگیر دەكرێت‌و ماوەی 5 ساڵ زیندانی دەكرێت، ساڵی 2006 لەگەڵ 30 كەسی دیكە لە زیندان هەڵدێت.



AM:09:09:09/07/2014