وەزارەتی دەرەوەی روسیا لەسەر کێشەی کۆچبەران هاتە دەنگ

وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند "کێشەی کۆچبەرانی سنوری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا کێشەی رۆژئاوایە و پێویستە چارەسەر بکرێت".

ئەمڕۆ سێشمەممە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرڕایگەیاند ''بەرپرسیارێتی قەیرانی کۆچبەرانی سنوری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا لە ئەستۆی وڵاتانی رۆژئاوادایە، بەهۆکاری ئەوانەوەیە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیران دروستبووە".

ئەوەشی خستوەتەڕوو، "پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا گرفتەکە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ چارەسەر بکەن."

خراپی و نالەباری ژیانی هاوڵاتیان و ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی و ئابوری و نەبوونی ھەلی کار و خزمەتگوزاریە سەرەتایەکان  ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی و گەنجانی کورد روویان لە وڵاتی بیلاڕوسیا کردووە بە ئامانجی ئەوەی بگەنە واڵاتانی ئەوروپا. 



PM:08:18:09/11/2021