وەزیری پەروەردە: هیچ ئەگەرێک بۆ داخستنی خوێندنگەکان لە ئارادا نییە

وەزیری پەروەردەی هەرێم ڕایگەیاند "هیچ دەنگۆیەک نییە بۆ داخستنی خوێندنگەکان و پێویست ناکات دەرگای خوێندنگەکان دابخرێن".

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١  ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند "ئامارە فەرمییەکان دەریان خستووە لە کۆی دوو ملیۆن خوێندکار و مامۆستا و فەرمانبەری وەزارەتی پەروەردە نزیکەی دوو ھەزار کەس توشی کۆرۆنابوون، ئەمەش رێژەیەکی کەمە و پێویست ناکات دەرگای خوێندنگە کانی بۆ دابخرێت".

ئەوەشی ڕاگەیاند "دەسەڵات دراوە بە پارێزگارەکان و سەرۆکی ئیدارەکان بە گوێرەی رێنمایی و ھەڵسەنگاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی پارێزگاکە یان ئیدارەکە دەتوانن قوتابخانەیەک بەشێوەیەکی بەشەکی یان چەند پۆلێک دابخەن، بەڵام ھیچ بڕیارێک نییە بۆ داخستنی قوتابخانەیەک بەگشتی".

لەبارەی دەنگۆی  داخستنی خوێندنگەکانەوە وەزیری پەروەرەی ھەرێم  وتی: ئەو دەنگۆیانە دورن لە راستییەوە، ھەرکاتێکیش دۆخەکە گەیشتە ئاستی مەترسی ئەوکات قوتابخانەکان دادەخرێن.

ئەمساڵ حکومەتی هەرێم بڕیاریدا خوێندنی  ناوپۆل دەستپێبکاتەوە و خوێندکارانیشی ئارەزوو مەند کرد لەوەی لەناو پۆل بەردەوامی بە خوێندن بدەن یان بە لەڕیگەی ئەلیکترۆنییەوە.



PM:12:15:11/11/2021