هەڤاڵ ئەبوبەكر: سلێمانی پێویستی بە سەقامگیری ڕاستەقینەیە

پارێزگاری سلێمانی لە یادی دامەزراندنی سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" سلێمانی پێویستی بە سەقامگیریی ڕاستەقینە و گێڕانەوەی متمانە و یەكترقبوڵكردنی لۆژیكیی و پەرەپێدانی ئابوریی سەوز و تێپەڕاندنی نائومێدییەكان و زۆر شتی دیكە هەیە". 

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی به‌ بۆنه‌ی ساڵرۆژی دامه‌زراندنی شاری سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" ڕۆژی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ی قوڵایی مێژویی و شارستانێتیی بۆ زیاتر له‌ (٦٥) هه‌زار ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و به‌ هه‌وڵی مه‌ردانه‌ی بابانییه‌كان و هاوكاره‌كانیان و گونده‌ نازداره‌كانی ئه‌و سات و سه‌رده‌مه‌ی سلێمانی، ئیبراهیم پاشای بابان ده‌ستی به‌بنیاتنانی سلێمانی كردو پایته‌ختی میرنشینی بابانی له‌ قه‌ڵاچوالانه‌وه‌ بۆ سلێمانی گواسته‌وه‌".

ئاماژەی بەوەشکردووە" ئه‌م شاره‌یان وه‌ك شارێكی هاوچه‌رخ له‌سه‌ر بنه‌ماكانی پیشه‌سازیی و بازرگانیی و ڕۆشنبیریی بنیاتناو، به‌ منه‌وه‌ره‌كانی وه‌ك نالی و سالم و كوردیی زمانی به‌م كوردییه‌ شیرینه‌ی پژا، دواتر بنه‌ما شارستانییه‌ نوێكانی وه‌ك په‌روه‌رده‌و فێركردن و هونه‌ره‌جوانه‌كان و ئاماده‌یی و به‌شداریی ژنانی بۆ زیادكرا".

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر باسی لەوەشکردووە: له‌و ڕۆژه‌وه‌ سلێمانی وه‌ك دڵێك لێده‌دات زیندوێتیی و به‌هره‌و داهێنان و هێزو وره‌ له‌ جیاوازییه‌كانی خۆی و له‌ ده‌رفه‌تی ئازادییه‌كان و له‌ خۆنوێكردنه‌وه‌و كرانه‌وه‌ و چاوله‌ئاینده‌بوون وه‌رده‌گرێت و باڵای كوردستان به‌رزتر ده‌كات.

له‌باره‌ی پێداویستیه‌كانی شاری سلێمانیه‌وه‌ ناوبراو رایگه‌یاندوه‌" ئه‌م شاره‌، له‌ ئه‌مڕۆدا پێویستی به‌ سه‌قامگیریی ڕاسته‌قینه‌و گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌و یه‌كترقبوڵكردنی لۆژیكیی و په‌ره‌پێدانی ئابوریی سه‌وزو تێپه‌ڕاندنی نائومێدییه‌كان و ڕۆشنكردنه‌وه‌ی ناڕۆشنییه‌كانی چاره‌نوس و ئاینده‌و خزمه‌تكردن و بوژانه‌وه‌و گه‌شه‌پێدانی زۆرتر و دادپه‌روه‌ریی و پاراستنی ئازادییه‌كان و خۆخوێندنه‌وه‌و  خۆدۆزینه‌وه‌و خۆناسینه‌وه‌و پشتبه‌خۆبه‌ستنی زۆرتر هه‌یه‌".

پارێزگاری سلێمانی رونیشیكردەوە: ئێستا سلێمانی، كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ بۆ پایته‌خت بنیاتنراوه‌، پایته‌ختی ڕۆشنبیریی كوردستان و شاری داهێنه‌ری ئه‌ده‌بی له‌سه‌ر ئاستی جیهان و ئه‌ندامی په‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌وروپایه‌ بۆ وزه‌ نوێكان و ژینگه‌و هاوتای فیدراسیۆنی شاره‌وانییه‌كانی ئیتاڵیاو ده‌یان شاری  پارچه‌كانی تری كوردستان و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌و جیهانه‌و ئه‌ندامی كارای كۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ته‌ندروستیی چاره‌سه‌رسازییه‌، له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی قوربانیدان و كرانه‌وه‌و كشتوكاڵ و شوێنه‌وارو گه‌شتوگوزارو پیشه‌سازیی و بازرگانیی و ژینگه‌و كولتوری جیهاندایه. 

شاری سلێمانی لە ١٤ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٨ لەسەر دەستی ئیبراهیم پاشای بابان دامەزراوە و میرنشینی بابانی لە قەڵاچوالانەوە بۆ سلێمانی گواستوەتەوە، ساڵانه‌ش له‌م رۆژه‌دا چه‌ندین چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت. 


AM:09:33:14/11/2021