"حکومەتمان لە مەترسیەکانی جێهێپشتنی دەروازەکانی هەرێم لەلایەن بازرگانەکانەوە ئاگادار کردۆتەوە"

‌سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی
سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" پرۆسەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە سلێمانی سست و لاوازبووە، چونکە زۆربەی بازرگانەکان دەروازە سنوریەکانی هەرێمیان جێهێشتووە و ڕوویان لەدەروازە سنوریەکانی عێراق کردووە". 

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی لە لێدوانێکدا بە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" سستبوونی پرۆسەی بازرگانی پەیوەندی بە کارئاسانیکردنی عێراقەوە هەیە لەدەروازە سنوریەکان بۆ بازرگانەکان، بازرگانی لەدەروازەکانی هەرێم تێچووی زیاترە، بۆیە بازرگانەکان ڕوو لە دەروازەکانی عێراق دەکەن". 

سیروان محەمەد ڕوونیکردەوە، ڕۆیشتنی بازرگانەکان زیاتر کاریگەری لەسەر جوڵەی بازرگانی لەدەروازەی پەروێزخان هەبووە، بەڵام کەم تا زۆر کاریگەری لەسەر دەروازەی باشماخیش بەجێهێشتووە.

سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی ئاشکراشیکرد، حکومەتی هەرێممان لە مەترسیەکانی ڕۆیشتنی بازرگانان بۆ دەروازەکانی عێراق ئاگادار کردووەتەوە و داوامانکردووە گفتووگۆ لەگەڵ عێراق بکرێت، تا رسوماتەکان هەمووی وەک یەک بێت، لێرەش کارئاسانی بۆ بازرگانەکان بکرێت، حکومەت خۆشی چەند کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداوە، چاوەڕێی وەڵامین.

بە بڕوای سیروان محەمەد، حکومەتی عێراق زۆر باڵادەست نیە بەسەر دەروازەکان دا، بۆیە کارئاسانی زیاتر لەدەروازەکانی دەکرێت، زۆربەی بازرگانەکانی پەروێزخان ڕوویان لەدەروازەکانی عێراق کردووە.

سیروان محەمەد جەختیکردەوە، ڕۆیشتنی بازرگانەکان لە هەرێمەوە بۆ دەروازەکانی عێراق کاریگەری لەسەر جوڵەی بازرگانی و هەلی کارهەبووە، چونکە لەدەروازەکاندا خەڵکێکی زۆر کرێکاری و بازرگانی و شۆفێری دەکەن، بۆیە هاوڵاتی و حکومەتیش زەرەرمەندبووە.


PM:08:51:15/11/2021