شەپۆلێکی پچڕ پچڕی بارانبارین بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوه

کەشناسێکی شارەزا پێشبینی دەکات، کە سبەینێ سێشەممە شەپۆلێکی پچڕ پچڕی بارانبارین ڕوو لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات. 

محەمەد کەلاری شارەزای بواری کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" بەهۆی کاریگەری ناوچەیەکی پەستان نزمی دەریای سور پێشبینی دەکەین لە کاتەکانی سبەینێ زوودا بارانبارینی پچڕ پچڕ ناوچەکانی (خورماتوو و کەرکوك و گەرمیان) بگرێتەوە و ڕێژەکەشی سەرەتا لاواز دەبێت". 

ڕوونیشیکردەوە، لە کاتەکانی نیوەڕۆدا شەپۆلەکە فراوان دەبێت و تەواوی سنوری ناوچەکانی گەرمیان و خانەقین و دەربەندیخان دەگرێتەوە و هەندێک جار ئەگەری بارانی باش هەیە بەتایبەتیش خۆرهەڵاتی گەرمیان و خانەقین، ناوچەکانی هەڵەبجە و سلێمانی و کەرکوک کاریگەری لاوازی دەبێت و ئەگەری دڵۆپە باران هەیە هەندێک کات، تەواوی سنوری پارێزگای هەولێر و بادینان و سۆران و ڕاپەڕین ئاسمان تەنیا هەور و خۆر دەبێت و ئەگەری بارانبارینی زۆر لاوازه، واتا ئەم بارانه زیاتر پشکی گەرمیان دەکەوێت هەڵبەتە ئەمەش لە نوێترین گۆڕانکاری شەپۆلەکە وای لێهاتوە پێشتر بەشێکی زیاتری ناوچەکانی ئەگرتەوە. 

محەمەد کەلاری لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا پێشبینیش دەکات، کە ڕێژەی بارانەکەش لەنێوان ( 1 ملم بۆ 8 ملم ) دەبێت و لە هەندێ ناوچەی جیاواز و دیاری نەکراوی گەرمیان ئەگەری تاوە بارانی بەخوڕ هەیە، پلەکانی گەرماش لە سلێمانی و هەولێر و هەڵەبجە و بادینان 1 پلە نزمەبێتەوه، لە ناوچەکانی گەرمیان و کەرکوک پلەکانی گەرما  6 بۆ 7 پله نزمەبێتەوه. 

ئەوەشی خستەڕوو، خێرای با بەڕێژەی 8 بۆ 10 کیلۆمەتر چالاک دەبێت، هاوکات لە دوای کاتژمێر 7ـی شەوی سبەینێ سێشەمە شەپۆلەکه کۆتای پێدێ و کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوه. 


PM:09:32:15/11/2021