وادەی شەپۆلێکی نوێی بارانبارین لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا

کەشناسێکی دیاری هەرێم پێشبینی دەکات، کە سەرەتای هەفتەی ئایندە شەپۆلێکی نوێی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.   
  
لە بڵاوکراوەیەکدا ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند" سبەینێ چوارشەمە ئاسمانی ھەرێم ساماڵ دەبێت و کەش سەقامگیر دەبێت، بەرزترین پلەکانی گەرما بەرێژەی ١ تا ٣ پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە و بەم شێوەیە دەبێت، لەسەنتەری پارێزگاکانی ھەرێم ( سلێمانی ١٨ پلە، ھەولێر ٢١ پلە، دھۆک ٢١ پلە، ھەڵەبجە ١٩ پلە، کەرکوک ٢٣ پلە) لەناوچەکانی گەرمیان لە نێوان ٢٤ بۆ ٢٥ پلە دەبێت لە سنوری ئیدارەی راپەرین لەنێوان ١٩ بۆ ٢٠ پلە دەبێت، خێرایی با ئاسایی بۆ مامناوەند دەبێت ١٥-٢٠کم/س لە ئاراستەی باکوری رۆژھەڵاتەوە".  

ئاماژەی بەوەشکردووە" تا سەرەتای ھەفتەی داهاتوو رۆژی شەممە، کەشی ھەرێم بەشێوەیەکی سەقامگیر دەمێنێتەوە و پلەکانی گەرما لە ئاستێکی جێگیردا دەبێت".  

ئەوەشی خستەڕوو: ھەر لە سەرەتای ھەفتەی داهاتوو کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەک لە دەریای سوور و ناوەراست کاردەکاتەوە سەر کەشی ھەرێم و بارانبارین دەستپێدەکاتەوە.  


PM:01:31:16/11/2021