کەشناسی: لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم باران دەبارێت

کەمێک پێش ئێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی کوردستان لەسەر رەوشی کەشوهەوای ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" لە  چەند ناوچەکانی هەرێم نمە باران باری". 

لە بڵاوکراوەیەکی کورتدا کەشناسی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە" لە دەڤەری بادینان ئەمرۆ نمە باران باریوە، هاوکات  لە زاخۆ لە کاتەکانی  نیوەرۆ بەشێوەی پچر پچر بەردوامی هەبووە".

ئەوەشی خستەڕوو، لە پارێزگای دهۆکیش لە کاتەکانی ئێوارەدا باران باری، وە لە رۆژهەڵاتی شاری هەولێر بەشێوەی پروشکە باران کەمێک باریوە.

بەیانی ئەمڕۆ کەشناسی هەرێم لە پێنج ڕاگەیەندراوی جیاوازدا پێشبینی کرد، کە ئەمڕۆ و سبەینێ ئاسمانی زۆربەی ناوچەكانی کوردستان لە نێوان پەڵە هەور و هەوری تەواو دەبێت، هاوکات لە هەریەک لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر و کەرکوک و سبەینێش لە شاری سلێمانی و هەڵەبجە نمە باران دەبارێت و پلەکانی گەرماش بە جێگری دەمێنێتەوە. 


PM:07:00:20/11/2021