پۆلیسی هەرێم: دەنگۆی قەدەغەکردنی لێدوان لە وتەبێژان دوورە لەڕاستییەوە

 پۆلیسی هەرێم دەڵێت " دەنگۆی قەدەغەکردنی لێدوان دوورە لە ڕاستییەوە و ڕەتی دەکاتەوە، لێدوانی لە هیچ وتەبێژێک قەدەغە کردبێت بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن".

 

ئەمڕۆ ٢٠ ی تشرینی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گشتیی هەرێم  ڕایگەیاند، "سەبارەت بەو هەواڵانەی بڵاوبوونەتەوە کە گوایە ھیچ وتەبێژێک نیە چاوپێکەوتن بۆ ھیچ کەناڵێکی ڕاگەیاندن ئەنجام بدات، ئەم هەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە و ھەمیشە دەتوانن گشت وتەبێژەکانی پۆلیس لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لێدوان بدەن و چاوپێکەوتن بکەن لەگەڵ کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی بینراو و بیستراو."

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە بە مەرجی  وەرگرتنی ڕەزامەندی بەرێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی ھەرێم پێش ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکە بۆ ڕێکخستنی ئیش و کارەکانمان لە بواری ڕاگەیاندن و ڕەچاوکردنی دیسپلینی سەربازی بێت. 

باسی لەوەشکرد، بەرێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی ھەرێم ھەر نووسراوێکی فەرمی پێمان بگات لە ھەر کەناڵێکی ڕاگەیاندنەوە بۆ ئەوەی دەزگاکانی پۆلیس ھاوکاریان بن لە بەرنامەیەکی تایبەتدا ئێمە لاریمان نییە، بە مەرجێک بەرنامەکە سوود بە کۆمەڵگە بگەیەنێت و خزمەت بە تاکی کۆمەڵگە بکات، دوور لە ئینتیمای حزبی و شێواندنی ئەرک و ماندووبونی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ. 

لە کۆتاییدا پۆلیسی هەرێم، هیوادەخوازێت گشت کەناڵەکان و میدیای کوردی زیاتر لە بابەتەکان بکۆڵنەوە و بگەنە بنچینەی ھەواڵی ڕاستەقینە پێش بڵاوکردنەوەیان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و پەیجەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

ئەمە لەکاتێکدایە لە ماوەی ڕابردوودا دوو نوسراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێم بڵاوبووەوە کە تیایدا لێدوان لە وتەبێژەکان بەبێ ڕەزامەندی ئەوان قەدەغە کرابوو.



PM:08:07:20/11/2021