لیژنەکانی قایمقامییەتی سلێمانی، سێ کافتریا و مەیخانەیەک
و ئارایشتگایەکی داخست، خاوەنەکانیشیان ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١، لە هەڵمەتێکی
لێپێچینەوەدا قایمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند "بڕیارماندا بە داخستنی ژمارەیەک کافتریا و
ئارایشتگا بەهۆکاری جیاواز".
هەڵمەتەکەی قایمقامییەتی سلێمانی بە داخستنی کافتریای (ئاکۆ چکۆلی٢) دەستیپێکرد، ئەوەش بەهۆی پابەند نەبوون بە مەرج و ڕێنماییەکانی
کارکردن و هەروەها نەبوونی مۆڵەتی کارکرد.
هاوکات کافتریای (پاریس) یەکێکی دیکەیە لەو کافتریایانەی
ئەمڕۆ لەلایەن قایمقامییەتی سلێمانییەوە داخرا، ئەویش بەهۆی پابەندنەبون بەمەرج و
رێنماییەکانی کارکردن بەگشتی و تەندروستییەکان بەتایبەتی.
هەر لە بەردەوامی هەڵمەتەکەیاندا لیژنە هاوبەشەکانی
قایمقامییەتی سلیمانی، کافتریای (پرۆنتۆیان) لەسەر رێگای سلێمانی - عەربەت داخست، وەک
قایمقامییەت دەڵێت، "لەکاتی سەردانی لیژنەکەدا تێبینی هەبوونی خواردنەوە کحولییەکان
کراوە بۆیە دەستیان بەسەر پێنج لیتر و (٢٢) قوتوی بیرەدا گرتووە و هەروەها مۆڵەتی
کارکردنیان نەبووە، هەربۆیە بڕیاری داخستن بۆ کافتریاکەدرا".
قایمقامییەتی سلێمانی باسی لەوەشکرد، هەر ئەمڕۆ، بەهۆی
سەرپێچیکردن لە مەرجەکانی کارکردن بەگشتی و رێنماییەکانی گەشتوگوزار بەتایبەتی،
خواردن و خواردنەوەی (سایە گوڵ١) لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی بڕیاری داخستنی درا.
هەر لە هەڵمەتەکەی لیژنە هاوبەشەکانی قایقامییەت، بەهۆی
پابەندنەبوون بەمەرج ورێنماییەکانی کارکردن و نەبونی مۆڵەتی تاتۆ دروستکردن، لیژنەکانی
قایمقامیەتی سلێمانی ئارایشتگای (نەیڵس ستۆدیۆ) یان لە شەقامی سالم داخست.
لە کاتی کردنەوەی هەر کافتریاو ساڵۆن و مەیخانەیەک یان هەرشوێنێکی
گشتی پێشتر رێنماییان پێدەدرێت لە لایەن قایمقامیەت و لە سەر چۆنییەتی پابەند بوونیان بە یاساکانی
قایمقامییەت و پێویستە پابەندی رێنماییەکانی تەندروستی و سەرجەم ڕێنماییەکانی
قایمقامیەتبن، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزای یاسای دەبنەوە.