رۆژنامه‌نووسان: شه‌رمه‌زارییه‌کی گه‌وره‌یه‌ په‌رله‌مان دان به‌کانتۆنه‌کانی رۆژئاوادا نانێن

 له‌سه‌ر کوبانی ژماره‌یه‌ک رۆژنامه‌نووس دێنه‌ ده‌نگ و داوا له‌خه‌ڵکی باشوری کوردستان ده‌که‌ن که‌ پشتگیری ئه‌و کانتۆنه‌ بکه‌ن و ده‌ڵێن بۆ په‌رله‌مانیش" شه‌رمه‌زارییه‌کی گه‌وره‌یه‌ که‌ دان به‌کانتۆنه‌کانی رۆژئاوادا نانێن".
ئه‌مه‌ ده‌قی ئه‌و که‌مپینه‌یه‌ که‌ ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ له‌ تۆری کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یس بووک بڵاویانکردۆته‌وه‌و داوا له‌ رۆشنبیران و رۆژنامه‌نووسان و هونه‌رمه‌ندان ده‌کرێت ده‌نگ بخه‌نه‌ پاڵ ده‌نگیان بۆ کۆمه‌ککردنی رۆژئاوا.   
ده‌قی به‌یانی که‌مپینه‌که‌:  
لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی برایانی کوردمان لە رۆژئاڤای کوردستان، کۆدەنگییەکی نیشتیمانیی پشتیوانیی لەو کیانەی لەوێ دروستبوە هاتۆتە ئاراوە. لەگەڵ ئەو کۆدەنگییە نیشتیمانییەش دا، هێزە سیاسییەکان، سەرۆکایەتیی پارلەمان، حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتیی هەرێم، تا ئێستا بەڕونی پشتیوانییان دەرنەبڕیوە، ئەمە جگە لەوەی زۆرجار بە لێدوانی توند بونەتە هۆی قوڵبونەوەی کێشەکانی نێوان هێزە کوردییەکانی رۆژئاڤا. هەرچەندە خراپیی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤای کوردستان زەرەرێکی گەورەی لە بزاڤی رزگاریخوازیی کوردستان لە سوریا دا داوە، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی توندبونەوەی ململانێکان لە سوریا و عێڕاق و زیادبونی توندوتیژییەکان و گەورەبونی هێزی تێرۆریستانی داعش و راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامیی لە ناوچە سونییەکانی عێڕاق و سوریا دا، هەڕەشەکان گەورەتر بونە بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان. حکومەتی هەرێم و هێزە سیاسییەکان دەبێ تێبگەن لەوەی هەر شکستێکی رۆژئاڤای کوردستان، دواتر زۆر بەخراپتر دەبێتە شکستێکی گەورەتری حکومەتی هەرێم. هەفتەیەکە هێزەکانی داعش لەچەندین لاوە هێرشێکی بەربڵاویان بۆسەر کانتۆنی کۆبانی دەستپێکردوە، بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی چەکی قوڕس لەلایەن داعشەوە لە عێڕاق و ئەو پشتیوانە ئیقلیمییەی کە هەیانە، شەڕەکە سەختە و کۆبانی پێویستیی بە وەلانانی ململانێ و بەرژەوەندییە تەسکە حیزبییەکانەوە هەیە. ئێمە هیچ جیاوازییەک لەنێوان هێرشکردنی داعش بۆ سەر جەلەولا و کوبانی نابینین، پاراستنی جەلەولا و کوبانی، ئەرکی هەمو کوردستانییەکە. ئەو کۆدەنگییە سیاسییە کوردستانییەی بۆ پاراستنی کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێم دروستبوە، پێویستە بۆ کوبانییش بێ. هیوادارین ئه‌م پرسه‌ له‌ ئاستی ره‌هه‌ندی نشتیمانیی و کوردستانییه‌وه‌ هه‌ڵبسه‌نگێنن نه‌ك ته‌نها له‌ ره‌هه‌ندی یاسایی وسیاسییه‌كه‌ی وەک ئەوەی پرسی خه‌نده‌قه‌كه‌ کرا. بۆیە ئێمە
: 1- بەتوندی بێهەڵویستی وسەیرکردنی هەر سێ سەروکایەتییەکەی هەرێم، سەرۆکایەتیی هەرێم، سەرۆکایەتیی حکومەت و سەرۆکایەتیی پارلەمان، و سەرجەم پارتییە سیاسییەکان شەرمەزار دەکەین.
. 2- داوا دەکەین بەپەلە هاریکاری کۆبانی لە هەموو رویەکەوە بکرێ کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی فشاری عەسکەریی و ئابوریی و راگەیاندن لەسەریان
. 3- داوادەکەین بەپەلە پەرلەمانی کوردستان بەفەرمی دان بە کانتۆنەکانی رۆژئاڤا دا بنێن. ئەوە شەرمەزارییەکی زۆر گەورەیە بۆ پارلەمان و حزبە سیاسییەکان تا ئیستا بەهۆی هەبونی ململانێ و رازینەبونی پارتیی دیموکراتیی کوردستان ناتوانن بەفەرمی ئەوکانتۆنانە بناسن. ئەگەر هەر سەرنج و تێبینییەکمان هەبێ لەسەر ئەوکانتۆنانە ئەوە ناگەیەنێ کە مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێ و بە دەستکەوتێکی گەورەی نەتەوەیی نەزانین.. ئەگەر مەسەلە پێشێلکردنی مافی هەندێ هێزی سیاسیی بێ لە رۆژئاڤا، ئەوا دیسان پارلەمان دەتوانێ راسپاردە بۆ رۆژئاڤا پێشنیازبکا و ئەوکات بۆ هەموان روندەبێتەوە هۆکاری ململانێکان لەکوێوە دێ. ناشکرێ بەهۆی هەبونی هەندێ تێبینییەوە کانتۆنەکان بەفەرمیی نەناسێنین چونکە حکومەتی هەرێمیش لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دا چەندان جار ئیدانە کراوە بۆ پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی سیاسیی
. 4- داوا لە هونەرمەند و ئەدیب و نوسەر و شاعیر و خەلکی تێکۆشەر دەکەین وەک چۆن پاڵپشتیی هیێزی پێشمەرگەن لە سەنگەر دژ بەداعش، بەهەمان شێوە هەڵویست و پشتیوانی لە گەریلاکان بکەن. هەمومان لە بەرامبەر محەکی راستگۆیی و بەرپرسیارەتیی مێژویی و ئەخلاقی داین بەرامبەر داکۆکی لە نیشتمان و دژایەتیی داعشدا.
ناوی رۆژنامه‌نووسه‌کان:
 قادر نادر، رۆژنامەنوس و چالاکی مەدەنیی
 شێروان شێروانی، رۆژنامەنوس
کەمال چۆمانی، رۆژنامەنوس




PM:08:30:11/07/2014