سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و لە بەرژەوەندی خوێندکاران بڕیار دەدات

بڕیارە سبەینێ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەسەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبێتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پرسى خۆپیشاندانەکانى خوێندکاران و خەرجکردنى دەرماڵەکانیان و چەند پرسێکی تری گرنگ تاوتوێ دەکرێت. 

لەمبارەیەوە دانا عەبدولکەریم، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە لێدوانێکدا بە میدیای فەرمی حزبەکەی رایگەیاند" سبەینێ ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم کۆدەبێتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرسی خۆپیشاندانەکانى چەند رۆژى رابردووى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگەکان دەکرێت".

ئەوەشی خستەڕوو، هەموو هەوڵەکان بە ئاڕاستەى ئەوەن ئەنجومەنى وەزیران لە بەرژەوەندی خوێندکاران بڕیار بدات کە داواکارى سەرەکى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگەکان خەرجکردنى دەرماڵەى خوێندنە. 


PM:03:23:23/11/2021