ڕەوتی ئایندەی نیشتمان (ڕەوا) دەربارەی خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانكۆ و پەیمانگەكان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" بە توندی ئیدانەی دەست تێوەردانی حزب و بەرپرسان دەکەین لە سوکایەتیکردن بە پێگە و بەهای زانکۆکان".
رەوتی ئایندەی نیشتمان لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە دەکات" بۆ جارێکی تر دەسەڵاتی سیاسی و حوکمرانی هەرێم سەلماندیان کە قەیران دوای قەیران و کێشە دوای کێشە ئاکامە چاوەروانکراوەکانی فەرمانرەوایی و سیاسەتە چەوت و رەفتارە نایاساییەکانیانە".
ئەوەشی خستەڕوو، لە دەستگیرکردنی هەرەمەکی و دادگاییکردنی شانۆگەریانەی چالاکوانانی بادینانەوە بۆ سەپاندنی چەندین رێگاو و شوێن بۆ تاڵانکردنی کوردستان و برینی قوتی هاوڵاتیان، ماوەیەکە ژیانی خوێندکاران و دابینکردنی پێداویستیە سەرەکیەکانیان بۆ خوێندن و گوزەرانیانی خستونە ژێر رەحمەتی خواستە ناڕەوا و چاوچنۆکیانەوە، وەک ئەوەی بەو هەموو گەندەڵی و قۆرخکاریە تێریان نەخوارد بێت.
رەوتی ئایندەی نیشتمان (رەوا) لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا بە توندی پشتگیری لە خۆپیشاندانی خوێنکاران و داواکاریە ڕەواکانیان دەکات، هاوکات زۆر بە توندی ئیدانەی بەکارهێنانی توند و تیژی لەلایەن دەسەڵاتە ستەمکارەکانی کوردستان دەکات، ئیدانەی دەست تێوەردانی حزب و بەرپرسە کوێرەکانیان لە سوکایەتیکردن بە پێگە و بەهای زانکۆکان دەکەین.
ئایندەی نیشتیمان لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات، کە دەست لە کار بکشێنێتەوە و حکومەتێکی ئینتقالی کاتی لە کەسایەتیە بێلایەنە دڵسۆز و بێگەردەکان و تەکنۆکرات دروست بکرێت و نەتەوە یەکگرتوەکان چاودێری ئەو گۆرانکاریە بکات.
جەختیشیکردەوە، حکومەتی کاتی لێکۆڵینەوەی ورد لە رۆڵی وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی هەرێم کە راستەوخۆ بەرپرسن لەو تاوان و ناهەقیانەی لە ماوەی حکومڕانیان و ئیجرائاتە تاکڕەوانەی ئانجامیانداوە بکات، بەپێی یاسا سزا بدرێن.
دەقی راگەیەندراوی رەوتی ئایندەی نیشتمان ( رەوا ):
خوێندکارە خۆراگرەکانی باشوری کوردستان
کەسایەتی و جەماوەری دڵسۆزی پشتیوان و پاڵپشتی خوێندکاران
بۆ جارێکی تر دەسەڵاتی سیاسی و حوکمرانی هەرێم سەلماندیان کە قەیران دوای قەیران و کێشە دوای کێشە ئاکامە چاوەروانکراوەکانی فەرمانرەوایی و سیاسەتە چەوت و رەفتارە نایاساییەکانیانە.
لە دەستگیرکردنی هەرەمەکی و دادگاییکردنی شانۆگەریانەی چالاکوانانی بادینانەوە بۆ سەپاندنی چەندین رێگاو و شوێن بۆ تاڵانکردنی کوردستان و برینی قوتی هاوڵاتیان، ماوەیەکە ژیانی خوێندکاران و دابینکردنی پێداویستیە سەرەکیەکانیان بۆ خوێندن و گوزەرانیانی خستونە ژێر رەحمەتی خواستە ناڕەوا و چاوچنۆکیانەوە، وەک ئەوەی بەو هەموو گەندەڵی و قۆرخکاریە تێریان نەخوارد بێت.
لە بەرامبەر ئەم سیاسەتە ستەمکاریەدا چەند رۆژێکە خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان لەناو زانکۆ و شەقام و شوێنە گشتیەکاندا داوای مافە بنەرەتیە رەواکانی خۆیان دەکەن کە حکومەتی مەزاجی و حزبی بێسەروبەری هەرێم زەوتی کردون، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو دەسەڵاتە بێشەرمە سەدان ملیۆن دۆلار لە موڵکی گشتی بۆ دەست و پێوەند و کۆیلەکانی حزب و دەسەڵات بە گەندەڵیەکی زەقی بەرچاو دەبەخشنەوە بۆ کرینی کۆیلایەتی و وەلای کوێرانەیان.
رەوتی ئایندەی نیشتمان (رەوا) لە کاتێکدا بە توندی پشتگیری لە خۆپیشاندانی خوێنکاران و داواکاریە ڕەواکانیان دەکەین هاوکاتیش زۆر بە توندی ئیدانەی بەکارهێنانی توند و تیژی لەلایەن دەسەڵاتە ستەمکارەکانی کوردستان دەکەین، ئیدانەی دەست تێوەردانی حزب و بەرپرسە کوێرەکانیان لە سوکایەتیکردن بە پێگە و بەهای زانکۆکان دەکەین.
بێگومان ئەمە جاری یەکەم نیە دەسەڵاتدارە خۆپەرستەکانی هەرێم و فەرمانرەواییە لۆکاڵیەکان و بەرپرسە باڵاکانی حزب تاوانی زەق و بێشەرمانە دژ بە مافەکانی هاوڵاتیان ئەنجام دەدەن و لە پشت زمانی لوس و بەڵێنی درۆ و لێدوانی چەواشەکاریەوە خۆیان حەشار دەدەن، بۆیە پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەنگاوی جدی بنرێت و لای دەزگا نێودەوڵەتیە پەیوەندارەکان بەو جۆرە تاوانانە بۆ دانانی سنورێک بۆ ئەو دەسەڵاتە و رەفتار و کارەکانیان دژ بە مرۆڤایەتی.
خوێندکارە خۆراگرەکان،
رەوتی ئایندەی نیشتمان (رەوا) داواتان لێدەکات خۆراگر بن و جەماوەری کوردستان لە وڵات و دەرەوەش پشتگیرتانە و ئەوەی بە ئێمەش بکرێت لەو بوارەدا درێغی لە ئەنجامدانی ناکەین.
هاوکات داوا دەکەین کە:
یەکەم: حکومەتی هەرێم دەست لە کار بکشێنێتەوە و حکومەتێکی ئینتقالی کاتی لە کەسایەتیە بێلایەنە دڵسۆز و بێگەردەکان و تەکنۆکرات دروست بکرێت و نەتەوە یەکگرتوەکان چاودێری ئەو گۆرانکاریە بکات.
دوەم: حکومەتی کاتی لێکۆڵینەوەی ورد لەرۆڵی وەزیرو بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی هەرێم کە راستەوخۆ بەرپرسن لەو تاوان و ناهەقیانەی لە ماوەی حکومڕانیان و ئیجرائاتە تاکڕەوانەی ئانجامیانداوە بکات و ، بەپێی یاسا سزا بدرێن.
سێیەم: راگرتنی دەست تێوەردانی حزبی و بەرپرسە باڵاکانیان لە کاروباری خوێندن و زانکۆکان و رێزگرتن بە کردار لە پێگە و بەهاو خوێندنگا و پەیمانگا و زانکۆکان.
چوارەم: لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن لە بەکارهێنانی توند و تێژی لە لایەن هێزە تایبەتەکان دژ بە خوێندکارانی خۆپیشاندەر و سزادانیان.
پێنجەم: دابینکردنی سندوقێکی فەرمی تایبەت بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان و حکومەتی کاتی ئەرکی ئەم پرسە بگرێتە ئەستۆ.
سەرکەوتن بۆ خوێندکارە خۆراگرەکان و بۆ ئیرادەی میللەت
رەوتی ئایندەی نیشتمان
٢٣ نۆڤەمبەر