هەردوو زانکۆکانی گەرمیان و چەرموو لە چەمچەماڵ لە دوو راگەیەندراوی جیاوازدا سبەینێی پێنج شەممە دەوامی زانکۆکانیان کردە پشوو.
ئەنجومەنی زانکۆی چەرموو راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە " لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی زانکۆدا بۆ سەلامەتی و پارێزگاریکردنی کچ و کوڕەکانمان بڕیاردرا بەڕاگرتنی دەوام لە زانکۆدا تاكو ڕۆژی یهكشهممهی داهاتوو".
لە راگەیەندراوێکی زانکۆی گەرمیاندا بڵاوکراوەتەوە " بەمەبەستی پاراستنی گیانی خوێندکاران و ستافی زانکۆمان و بەدوورگرتنیان لە هەر گرژی و پێکدادانێک ، ئەنجومەنی زانکۆی گەرمیان بڕیاریدا : دەوامی سبەینێ رابگرێت".
بەپێی ئەو راگەیەندنە "سبەینێ پێنجشەممە لە زانکۆی گەرمیان دەوام نابێت" .
ماوەی چوار رۆژە خۆپیشاندانی نارەزایەتی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ پێدانی دەرماڵە و دژی نەبوونی خزمەتگوزاری بەردەوامی هەیە و هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران داری کارەبایی و گازی فرمێسکڕێژ و تەقەیان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بەکارهێنا.