لەسەر رەخنە گرتن لە یەکێتی
شانازی ئیبراهیم ئەحمەد سزای جێگری مەڵبەند دەدات


شاناز ئیراهیم ئەحمەد سەرپەرشتیاری مەڵبەدنی یەکێتی لە سلێمانی سزای جێگرێکی لێپرسراوی مەڵبەند دەدات لەبەرئەوەی رەخنەی لە هەڵوێستی حیزبەکەی گرتووە بەرامبەر خوێندکارانی خۆپیشاندەر.

بەپێی ئەو بەڵگەیەی کۆپیەکی دەست " سپی " کەوتووە، بەبڕیاری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، سەرپەرشتیاری مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی یەكێتی رۆژی پێنجشەممە (سالار رەفیق، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) بۆ ماوەی شەش مانگ کارەکەی لە مەڵبەند هەڵپەسێردرا.

لە بڕیارەکەدا هاتووە "بریارماندا به‌ هه‌ڵپه‌ساردنی سالار ره‌فیق حه‌سه‌ن كه‌ پله‌ی رێكخراوه‌یی جێگری مه‌ڵبه‌نده‌، بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ به‌پێی مادده‌ی (12/بڕگه‌ی دوه‌م خاڵی/ج) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆ".

ئاماژە بەوەشکراوە، هۆكاری ئەو بڕیارەش "بۆ گوفتار و کردارەکانی سالار ره‌فیق حه‌سه‌ن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ دژی بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بووە".

 لە بڕگەیەکی سالار بازیانیدا هاتووە" ئەم تەوژمە یەكێك ناڕووخێنێ و یەكێكیتر براوە بێت، یەكێك سودی لێوەربگرێ و ئەویتر تەماشا. (زریان)ئاسا كەس بەپێوە ناهێڵێت، كە ئەبینم مەڵبەندەكەم سوتا... نیگەرانم سوتا، سەرئەكێشێ بۆ ئینتیفازە وئینتیفازە چاك و خراپ و داروبەرد بەزەمین یەكسان ئەكات".

دەقی ئەو وتارەی بەهۆیەوە سالار رەفیق ( سالاری بازیان) لەسەر سزادرا: 

قسەی عوریان ناچێتە گیرفان

سالاری بازیان 

هەموو حیزب و كەسایەتییەكان دەڵێن لەگەڵتانین! كاشكی كەستان لەگەڵیاندا نەدەبوون نەتاندەهێشت بەم رۆژگارە بگات. 

دوێنێ بیلارووسیا، ئەمرۆ زانكۆكان لەبەرئەوە قسەی ڕووت ناچێتە گیرفانەوە، ئەم زەنگانە مەترسیدارن، هەموو لایەك دەبێ بێنە پای كردار... بێنە ژێرباری مەسئولییەت.

ئەم تەوژمە یەكێك ناڕووخێنێ و یەكێكیتر براوە بێت، یەكێك سودی لێوەربگرێ و ئەویتر تەماشا. (زریان)ئاسا كەس بەپێوە ناهێڵێت، كە ئەبینم مەڵبەندەكەم سوتا... نیگەرانم سوتا، سەرئەكێشێ بۆ ئینتیفازە وئینتیفازە چاك و خراپ و داروبەرد بەزەمین یەكسان ئەكات. لەلایەكیتر، بەرد بە بەرد كە لەسەر شكۆی خوێنی شەهیدانە، ئەمرۆ نەوەكانیان ئاگری تێپەردەدەن، واتە ئەوان نانیان دەوێ و رابردوویان ئەسوتێنن، ئەم نامەیەش دەبێ بگاتە سەرمێزی هەموو مەسئولێك كە لە كۆتادا دەڵێم بێ هیچ پاساو و بیانووهێنانەوەیەك، بەدڵ دەستی یەك بەیەكی ئەو كوڕ و كچە بیمارو گیرفانخاڵیانە ماچ دەكەم كە ئەمرۆ شەقامەكانیان هەژان، بەڵام پێیاندەڵێم پێكەوە نیشتیمان ئاوەدان بكەین نەك داغان و وێران بكەین!. 

من وەك كادرێكی یەكێتی خوازیارم لە سەركردایەتییەكەم، ئەم ناڕەزایەتییانه بەهەستیاری و بەزەنگی پێش ئاخیری هەڵكردنی باهۆزی رق و توڕەیی لێی بڕوانێ، بەكۆمەكی خەمخۆران و منەورانی شار و بێ جیاوازی هەنگاوی كرداری بنێین، چونكە كات له قازانجمان نییه، لایەنەكانیتریش له گۆشەی بەرپرسیارێتییەوه لێی بڕوانن، تەگبیرو تەدبیرو كرداری چاكی مەردایەتی لێبكه ن به لادا، ئەگەرنا پەشیمانبوونەوە دادمان نادات.



PM:10:06:26/11/2021