ئەیهان سەعید: بەشێک لە زیندانیانی بادینان بە توندی ئەشکەنجەدراون و داوای بەهانەوە چوونیان دەکەن

‌وێنە... ئەرشیف
بەشێک لە زیندانیانی ناوچەی بادینان کە ماوەی نزیکەی ساڵێکە دەستگیرکراون تا ئێستا ڕۆژی دادگای کردنیان دیاری نەکراوە و دەستیان بە مانگرتن کردووە و ژمارەیەک داواکاریشیان هەیە و دەڵێن" داواکارین لە (UN)، رێکخراوە ناوخۆ و جیھانیەکانی مافی مرۆڤ، میدیاکان، فریامان کەون و دۆخمان زۆر خراپە". 

ئەیھان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان ئێوارەی ئەمڕۆ ڕوونکردنەوە و داواکاری ژمارەیەک لە زیندانیانی بادینانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" دوای نزیکەی ساڵێک لە رفاندنیان بە شێوازێکی ناشارستانی و نایاسایی، پێنج زیندانیانی بادینان کە خەلکی شێلادزێن و لەگەل (گوھدار زێباری) و چەند زیندانیەکی دیکەدا ماوەی سێ رۆژە دەستیان بە مانگرتن کردوە لە خواردن و دۆخیان باش نیە".

ئەیهان سەعید ڕوونکردنەوەی ئەو زیندانیانەی بۆ ڕایگشتی بڵاوکردووەتەوە کە دەڵێن:

یەکەم: لەسەرەتای رفاندنمان لە لایەن ھێزە ئەمنیەکانەوە زۆر بە توندی ئەشکەنجدراوین (دوو پەنجەی ئەمجەد رێکانی کە وەکو ھێمای ئازادی لە رەسمەکان بەرزدەکردنەوە شکێنراون) و لەژێر ھەڕەشەو تەعزیبدا دانپێدانانیان لەسەر ھەندێک تاوان پێ کردوین و ڤیدیۆ کراوین و بڵاویشدەکەنەوە، ھەروەھا لە ژێر ئەشکەنجە دانپێدان بە مەسعود شنگالی و شێروان تەھا سلێڤانەیش کرابوو.

دووەم: بێ جگە لەوەی رێگەمان پێ نادەن پارێزەری خۆمان ببینن، شەڕی دەرونیمان لەگەڵ دەکرێت.

سێیەم: لەکاتی لێکولینەوەدا گشت وتە و ئیفادەکانمان گۆڕدراون و پێیان ئیمزا کردوین کە نەمان زانیوە چی نوسراوە.

چوارەم: ماوەی سێ رۆژە دەستمان بە مانگرتن کردوە لە خواردن و داواکارین لە (UN)، رێکخراوە ناوخۆ و جیھانیەکانی مافی مرۆڤ، میدیاکان، پەرلەمانتاران، لایەنە سیاسیەکان و گشت خەڵکی کوردستان فریامان کەون و دۆخمان زۆر خراپە. 

داواش دەکەن، کە بە زووترین کات رێگە بدەن چاویان بە پارێزەرەکانیان بکەوێت و رۆژی دادگاییکردنیان دیاری بکرێت.

دەشڵێن" ئێمە و ھاورێ حوکمدراوەکانمان وەکو گوھدار زێباری لە ئاساشی گشتیەوە بگوازرێنەوە بۆ چاکسازی گەوران لە ھەولێر یان دھۆک، هاوکات نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان و یونامی بێن لە نێزیکەوە سەیری دۆخەکەمان بکەن". 

لە کۆتایی داواکارییەکەدا زیندانیانی بادینان تەحەدا دەکەن، زیندانیانی شێلادزێ و بادینان یەک تاوانیا نیە و ئەگەر یاسا سەروەرە بێت، دەبێت ئازادبکرێین تەنیا تاوانمان رەخنە و بیرورای جیاواز و خۆپیشاندان و خەباتێکی مەدەنی بووە، بۆیە تکایە زیاتر سومعەی ھەرێمەکەمان ناشرینتر مەکەن و دەستبەجێ ئازادیان بکەن .

نوێنەری زیندانیانی بادینان ئەوەشی خستەڕوو، زیندانیانی بادینان پێیان وتین ئەگەر کەیسەکەمان یەکلایی نەکرێت تا مردن لە مانگرتن بەردەوام دەبین.

ناو و رۆژی رفاندنی چالاکوانە دەستگیرکراوەکان کە تا ئێستا دادگایی نەکراون 

مەحمود ناجی صديق (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠

کوڤان طارق جبرائیل (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠

یوسف شەریف ئیبراهیم (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠

ئەمجەد یوسف موستەفا (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠

نێچیرڤان بەدیع حاجی (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠

گوھدار زێباری (رۆژنامەڤان) .. ئاکرێ ٢٢/١٠/٢٠٢٠ .. حوکمدراوە و نەقلی چاکسازی ناکرێ. 


PM:07:30:27/11/2021