پارتی بەرهەم ساڵح و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری بە دەستوەردان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان تۆمەتبار دەکات

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوەو لە راگەیاندراوێکدا بەرهەم ساڵح وەک سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی دەستەی دادوەری تۆمەتبار دەکەن بە دەستوەردان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و درێژکردنەوەی ماوەی تانە لێدان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.

دەقی راگەیێنراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی
 
راگەیاندراوی مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
 
پرۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە رێکەوتی ١٠ـی ١٠ـی ٢٠٢١ ئەنجامدرا، بە پاکی و دیموکراسییانە بەڕێوەچوو تا ئەو کاتەی بەبڕیاری سیاسی و دەستێوەردانی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی دەستەی دادوەری ماوەی تانە لێدانەکان بە نایاسایی درێژکرایەوە، بەمەبەستی دەستکاری ئەنجامەکان لەبەرژەوەندی ھەندێک لایەنی دیاریکراو.
 
دوای ئەوەی لیژنەی یاسایی و تەکنیکی پارتیمان لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و دەستەی دادوەری کۆبوونەوە، دەرکەوت تەواوی بەڵگەکانمان سەلمێنەری پێشێلکاری بوون، بۆیە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم دەستێوەردان و گۆڕانکاری و پێشێلکارییانە رەتدەکەینەوە و داکۆکی لە مافی کاندید و دەنگدەران دەکەین و، بە پێویستیشی دەزانین مافی زەوتکراویان بۆ بگەڕێتەوە، لەو روانگەیەوە لەپێناو دادپەروەری و گێڕانەوەی ماف بۆ خاوەن مافەکان، بە ڕێکاری یاسایی بەردەوام دەبین لە ھەوڵەکانمان لەپێناو دەستەبەرکردنی ئەو مافانە و لابردنی پێشێلکارییەکان و، ھەنگاوەکانی داھاتووشمان لە کاتی خۆی دا رادەگەیەنین.
 
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢ـی ١٢ـی ٢٠٢١



PM:02:47:02/12/2021