وەزارەتی پێشمەرگە: خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت و داعش باجێکی گەورە دەدات

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەسەر هێرشەكەی شەوی ڕابردووەی چەکدارانی داعش بۆ سنووری قەزای مەخمور ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" تیرۆرستانی داعش لە دامێنی چیای قەرەچوغ پەلاماری گوندێكیان داوە و شەهید و بریندار هەیە". 

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەن دراوێکدا بڵاویکردەوە، 
کاتژمێر (١:٠٠)ی شەوی ڕابردوو تیرۆریستانی داعش پەلاماری گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچوغیان دا، لەم پەلامارە دڕندانەیەدا، کوێرانە کەوتنە دەستڕێژیکردن لە خەڵکی سڤیلی گوندەکە، لە ئەنجامدا سێ هاوڵاتی شەهید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون.

ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانی پێشمەرگە بە زوویی بە هانای خەڵکی گوندەکەوە چوون و توانیان لە ماوەیەکی کەمدا، بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و تیرۆریستان راو بنێن، دواتر هێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی بۆ ناوچەکە ئەنجامدا، لەوکاتەدا، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی پێشمەرگە کەوتە بۆسەی تیرۆریستانی داعشەوە، بەداخەوە حەوت پێشمەرگە شەهید بوون.

جەختیشکردەوە، کە خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت و تیرۆریستان و ئەوانەی پاڵپشتیشیان دەکەن، دەبێ باجێکی گەورە بدەن.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە" هەماهەنگی و هاوکاری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری و هاوپەیمانان، پێویستە لە قۆناغی چەق بەستووی بێتە دەر، زۆر بەخێرای و  بەبێ چاوەڕوانی کردن دەبێت ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دەست پێبکەین و نابێت چیتر رێگە بدەین، تیرۆریستان مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەکانیان وەک خۆی بمێنن و ناوچەی پارێزراوی خۆیان هەبێت". 


AM:09:23:03/12/2021