سەرۆکی هەرێم: ئەرکی لە پێشینەی تەواوی عیراقییەکانە تا زووە ناکۆکی سیاسی تێپەڕێنن

بەیانی ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی چەکدارانی داعش لە سنوری قەزای مەخموور پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" بە پێویستی دەزانین عێراقییەکان تا زووە ناکۆکی سیاسی تێپەڕێنن و هەمووان پێکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری کار بکەین". 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردوە" زۆر بە توندی سەرکۆنەی هێرشى دڕندانه‌ى شەوی ڕابردووى تيرۆرستانى داعش لە ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچووغ لە سنوری مەخمور بۆ سه‌ر خه‌ڵكى سڤيل ده‌كه‌ين كه‌ لە ئەنجامدا سێ برا لە یەک خێزان شەهید و چەند هاوڵاتییەکی دیکەش بریندار بوون، لەگەڵ شەهیدبوونی ژماره‌يه‌ك پێشمەرگەى قاره‌مان و برینداربوونی ژماره‌يەکی دیکەیان له‌ كاتى ئۆپراسيۆنى ڕاونانى تيرۆرستاندا".

ئەوەشی خستوەتەڕوو، هێرش و پەلامارى ڕۆژانه‌ى تیرۆرستانی داعش، ئيتر کاردانەوەی توند و خێرا و گرتنەبەری ڕێکاری بەرگری و سەربازی تۆکمەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەوێت کە سنورێکی یەکجاری بۆ تاوان و کردەوە تیرۆرستییەکانیان دابنێت، بۆ ئەم مەبەستە پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆخ و توانا سه‌ربازييه‌كاندا و هەنگاوی خێرا و هەنوکەی بۆ هەماهەنگی کاراتری سووپای عێراق و پێشمەرگە و بەشداری و پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێویستە کە بۆشای ئەمنی و سەربازی بە تایبەتی لە ناوچەکانی نێوان پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکان پڕ بکاتەوە.

دەربارەی کاریگەری ناکۆکییە سیاسییەکان لەسەر ئاسایشی عێراق سەرۆکی هەرێم ڕایگەیاند" لە ڕووی سیاسیەوە دەبێ هەموو هێز و لایەنە عیراقییەکان بزانن کە تا پرۆسەی سیاسی ڕاستەڕێ نەبێت و ئارامی و سەقامگیری سیاسی لە وڵات جێگیر نەبێت، تیرۆرستان زیاتر دۆخەکە دەقۆزنەوە، بۆیە ئەرکی لە پێشینەی نیشتمانی تەواوی عیراقییەکانە تا زووە ناکۆکی سیاسی تێپەڕێنن و هەموومان پێکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری کار بکەین".


AM:11:47:03/12/2021