سەرکردەیەکی یەکێتی: کاتێك روونكردنەوەکەی سەرۆکی حکومەتم خوێندەوە تەزوو بە گیانم داهات

ئەندامێکی سەركردایەتی یەكێتی دەربارەی رونكردنەوەكەی نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبارەی راپۆرتی رۆژنامەنوسە ئەمریكییەكە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" کاتێك روونكردنەوەی سەرۆکی حکومەتم خوێندەوە تەزوو بە گیانم داهات". 

ئارێز عەبدوڵا ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى نیشتیمانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، کاتێك رونكردنەوەی نوسینگەی سەرۆکی حکوتم سەبارەت بە راپۆرتێکی رۆژنامەنووسێکی بيانی بە ناوی(زاک کۆپلین) خوێندەوە تەزوو بە گيانم داهات.

دەشڵیت" ئایا ئەو بابەتە راستە یان نا شتێکە و پەلاماردان و دەستبردنیش بۆ سەر شکۆ و کەڕامەتی دوو کەس شتێکی ترە، بەندە خاتوو شنیار ئەنوەر و کاک سەرکەت شەمسەدین لە نزیکەوە ناناسم، تەنیا ناویان دەزانم و لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆری بۆچوون و نووسین و لێدوانەکانیشیان نیم". 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە" هیوادارم تا زووە ئەو هەڵە گەورەیە راستبکەنەوە و  وانە و پەندی لێ وەربگرن". 

ئەندامەکەى سەرکردایەتى یەکێتى ئەوەشی خستەڕووو، کاتێك دەسەڵاتداران هەموو ئامڕازە زۆر و زەوەندەکانی دەسەڵاتیان خستە خزمەتی خۆیان و رووبەڕوو بوونەوەی نەیارەکانیان دەبێ هەڵوەستە بکرێ و بیر لە رزگاری بکرێتەوە.


PM:04:10:10/12/2021