بەڕێوەبەری كەشناسی سلێمانی: سۆشیال میدیا سەری لە هاوڵاتیان تێکداوە

بەڕێوەبەری كەشناسی سلێمانی باسی لەوەکرد، سۆشیال میدیا و پێشبینییەكانی باران بارین سەری لە هاووڵاتییان تێكداوە.

ئاسۆ كەمال، بەڕێوەبەری كەشناسی سلێمانی دەڵێت "كۆمەڵێكی زۆر لە پەیج و ماڵپەڕ كراونەتەوە، كە هەر كەسە و بە ویستی خۆی لەبارەی كەشوهەواوە لێدوان دەدات، ئەمەش ناتوانرێت پێشی پێبگیرێت، بەڵام دەبێت ئەو كەسانەی لێدوان وەردەگرن لە كەسی شارەزاو پسپۆڕ وەریبگرن، پێویستە وەرگریش هۆشیاری هەبێت و بزانێت گوێ‌ لە كێ‌ دەگرێت".

وتیشی، "پێشبینییەكانی كەشوهەوا شتێكی ڕەها نییە و گرەو كردنیش نییە، بەڵكو تەنها پێشبینییە كە كۆمەڵێك ڕەگەزی كەشوهەوایە و بە گۆڕانی ڕەگەزەكان پێشبینییەكانیش گۆڕانگارییان بەسەردا دێت".

ئەوەشی خستەڕوو،  كەشوهەوا بەردەوام لە گۆڕاندایە، تەنانەت كۆمپانیا جیهانییە گەورەكانیش كە پێشبینی دوور مەودا دەكەن، ئەوانیش هەموو سێ‌ كاتژمێر جارێك ئەپدەیت دەكەن، زانیارییەكان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی پێشبینی كەشوهەوا ناكات، بەڵكو وێستگەیەكی كەشوهەوای لە پارێزگای سلێمانی هەیە و وێستگەیەكی دیكەش لە چەمچەماڵ و نۆ وێستگەی دیكەی ئۆتۆماتیكی هەیە، پێشبینییەكانی كەشوهەوا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی هەرێم دەكرێت كە سەنتەرە و داتای شوێنەكان وەردەگرێت، پێشبینییەكانیشیان بۆ ماوەی ٤٨ كاتژمێرە، چونكە پێشبینی كردنی دوور مەودا وردبینی زۆر كەمە وەك لە پێشینیكردنی كورت مەودا.

باسی ئەوەشیکرد، ئێستا پێشبینی ١٠ ڕۆژی داهاتوو بكرێت، هەڵەی تێدا دەكرێت یان وردبینی كەمترە بەراورد بەوەی پێشبینی دوو ڕۆژ بكرێت.



AM:10:53:14/12/2021