(سپی) خشتەی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکانی هەرێم بڵاودەکاتەوە

هەرچەندە بڕیار بوو سبەینێ یەکشەممە، تەنها مووچەی یەک وەزارەت دابەشبکرێت، بەڵام دارایی هەرێم خشتەکەی گۆڕیووە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکان دابەشبکات. 

بەگوێرەی ئەو خشتەیەی لە گەنجینەوە دەست (سپی) کەوتووە، سبەینێ یەکشەممە مووچەی هەریەک لە (وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی کارەبا) دابەشدەکرێت، هاوکات رۆژی دووشەممەش ٢٠ی کانوونی یەکەم مووچەی (سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران و خاندنشینی پێشمەرگە) دابەشدەکرێت.

هەروەها بڕیارە رۆژی سێ شەممەش مووچەی مانگی ڕابردووی خانەنشینی شارستانی دابەشبکرێت، بەمەش کۆتایی بەدابەشکردنی مووچە دێت و سەرجەم مووچەخۆران بە خانەنشینیەوە مووچە وەردەگرن.

دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکانی هەرێم لە کاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ
 وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" بەداخەوە وەزارەتی دارایی عێراق (200 ملیار)  دینارەکەی کە وەک سلفە بۆ تەواوکاری دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەکاردەهێنرا، هەرچەنده بەپێی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵی ساڵی (2021) دەبوو لەو بڕە زیاتری  بناردایە، بەڵام بۆ مانگی (2021/11) تا ئەمرۆ (2021/12/18) ئەو بڕەشی نەناردووە". 

ئەوەشی خستەڕوو، دابەشکردنی مووچە تا رادەیەک خاوبووەتەوەو بۆ ئەوەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی (شارەوانی و گەشتوگوزار، کارەبا، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دادوەری، خانەنشینی سەربازی و شارستانی) زیاتر دوانەکەوێت، بڕیارماندا لە داهاتی مانگی (2021/12) خەرجبکرێت.


PM:06:45:18/12/2021