وتەبێژی وەزارەتی
كشتوكاڵی هەرێم لەڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، جوتیاران لەمەودوا دەتوانن دەستبكەن
بە چاندنی گەنم و جۆ و دەشڵێت، "لە زۆرێک لە ناوچەکان زەوی پەڵەی داوە."
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی
کانوونی یەکەم، حسێن حەمەكەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی
هەرێم ڕایگەیاند "ئەو بارانەی لە چەند
ڕۆژی ڕابردوودا باری، لە زۆرێک ناوچەکانی هەرێم بەتایبەت سلێمانی و هەولێر و ڕاپەڕین
و دهۆک زەوی بەتەواوی تەڕ بووە و پەڵەی داوە، بەڵام بۆ سنوری گەرمیان هێشتا دڵنیا
نین، چونکە لەوێ کەمتر باران باریوە."
دەشڵێت "جوتیاران
دەتوانن زەوییەكانیان بكێڵن و دەستبكەن بەچاندنی گەنم و جۆی ئەمساڵ و لەئێستادا
باشترین كاتە بۆچاندنی گەنم و جۆ لەلایەن جوتیارانەوە، چونکە شەپۆلێكی دیكەی باران
بارین هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە."
ئەم ڕاگەیاندراوە لە
کاتێکدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بارانێکی باش ڕووی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان
کرد و بەهۆیەوە لە شاری هەولێر لافاو دروست بوو، لە سلێمانیش بووە هۆی ژیانەوەی
چەندین کانی و سەر چاوەی ئاوی.