" هەرێم نابێتە بەشێک لە کێشەکان "



لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نووری مالیکی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ململانێی لایەنە عێراقییەکان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند" هەرێمی کوردستان هەرگیز نابێتە بەشێک لە کێشەکان، بەڵکو هەمیشە فاکتەرێکی یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە هاوبەشییەکی راستەقینەی نێوان لایەنە عێراقییەکان".
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 22-12-2021 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا "دوایین پێشهاته‌كانی دۆخی سیاسیی عێراق، هه‌ڵبژاردنی ١٠ ی ئۆكتۆبه‌ری رابردووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و نیگه‌رانیی ئه‌و لایه‌نانه‌ی له‌ ئه‌نجامه‌كانی ناڕازین، پرۆسه‌ی یاسایی و تانه‌دان له‌ ئه‌نجامه‌كانی تاوتوێكران".
 
نێچیرڤان بارزانی و نووری مالیکی هاوڕا بوون كه‌ وێڕای ناڕه‌زایی و تێبینییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، دۆخ و ئاڵنگارییەکانی وڵات به‌رپرسیاریه‌تیی هاوبه‌ش، ئه‌وه‌ ده‌خوازێت هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان به‌ ره‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی و داهاتووی وڵات، بگه‌نه‌ تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و تێپه‌ڕاندنی دۆخه‌كه‌ و دامه‌زراندنی حكومه‌تێك‌ كه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی داواكاریی هاووڵاتییان بێت و، بتوانێت رووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی ئێستا و داهاتووی وڵات ببێته‌وه و ئارامی و سه‌قامگیری بپارێزێت.



PM:08:24:22/12/2021