کارەبای سلێمانی: هاوشێوەی ماڵی مام لە هەولێر‌و دهۆکیش ماڵە هەیە کارەبای هەمیشەییان هەیە


کارەبای سلێمانی وەڵامی رەخنەکانی پەرلەمانتارێک دەداتەوە لەسەر دابەشکردنی کارەبای پارێزگای سلێمانی و دەڵێن" هەرچی پەیوەندی بە ماڵی خۆالێخۆشبوو مام جەلالەوە هەیە کە تەنیا ماڵە کارەبای بەردەوامی پێدراوە، بەبەراورد لە شوێنانەی کە لە هەولێر و دهۆک هەیە".

لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی رەخنەکانی پەرلەمانتاری گۆڕان عەلی حەمە ساڵح لە بارەی نا داوەری دابەشکردنی کارەبای هەرێم بۆ پارێزگای سلێمانی و لەناو پارێزگاشدا نا دادپەروەری دابەشکردن، کارەبای سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت" • سەبارەت بە رێژەی (28.8%) پشکی کارەبای پارێزگای سلێمانی، ئەو بڕە بۆ هەردوو پاڕیزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕینە، واتە تەنیا بۆ شاری سلێمانی نیە، لە رابردووشدا تێبینی زۆرمان لەسەر ئەو رێژەیە هەبووە، کە بەشی ئەم سنورە ناکات، بەڵام بەوپێوەرانەی کە وەزارەتی کارەبای کاری لەسەر کردوە ئەو رێژەیە دیاریکراوە و بەوشێوەیە ماوەوەتەوە، دوای چەند جارێک تێست کردن".

دەقی روونکردنەوەکە..

نامەو بەدواداچون بۆ پەرلەمانتار عەلی حمە ساڵح

پەرلەمانتار کاک عەلی حمە ساڵح ،لە نامەیەکدا بۆ بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە ئەکاونتی خۆی بڵاویکردوەتەوە، باس لەچەند بابەتێک دەکات، کە پەیوەستە بە کارەبای بەردەوام لە سلێمانی، لەم رونکردنەوەیەدا  بەپێویستی دەزانین راستییەکان بۆ رای گشتی روون بکەینەوە.
• سەبارەت بە رێژەی (28.8%) پشکی کارەبای پارێزگای سلێمانی، ئەو بڕە بۆ هەردوو پاڕیزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕینە، واتە تەنیا بۆ شاری سلێمانی نیە، لە رابردووشدا تێبینی زۆرمان لەسەر ئەو رێژەیە هەبووە، کە بەشی ئەم سنورە ناکات، بەڵام بەوپێوەرانەی کە وەزارەتی کارەبای کاری لەسەر کردوە ئەو رێژەیە دیاریکراوە و بەوشێوەیە ماوەوەتەوە، دوای چەند جارێک تێست کردن.
• سەبارەت بەو بڕگەیەی دەڵێت کە (152) مێگاوات لە پشکی کارەبای سلێمانی بۆ  کارەبای بەردەوام دەڕوات و زۆربەشی نایاساییە، ئەو زانیارییە هەڵەیە و تەواو نیە، لەسنوری پارێزگای سلێمانی بڕی (170) مێگاوات بۆ پڕۆژەکانی ئاو، نەخۆشخانە و فەرمانگە حکومییەکان دەڕوات، کە بەشێکیان تەنیا بە یانیان دەوام دەکەن، لەگەڵ تۆڕی روناکی شەقامەکان و خزمەتگوزاری بەردەوام.
• هەروەها قەزاکانی دوکان و پێنجوێن کارەبای بەردەوامیان هەیە و قەزای چەمچەماڵیش بڕی 50 مێگاوات کارەبای زیادەی بۆ دابین کراوە.
• سەبارەت بە کارەبای بەردەوامی کارگەکان، کارگە گەورەکانی سنوری بازیان و تاسڵوجە کە لە زۆرکاتدا بڕەکەی (250) مێگاواتە ئەو لەسەر پشکی کارەبای هەرێمە نەک پارێزگای سلێمانی و پەیوەندی بەکارەبای سلێمانیەوە نیە و لەسەر ئاستی هەرێم بۆیان جیادەکرێتەوە.
• ئەوەی پەیوەستە بە هەندێک کارگەی بچوک لە ناوشاری سلێمانی، کە زۆرینەیان ئاسن و ئەلەمنیۆمن بەپێی یاسای وەبەرهێنان دەبێت کارەبایان لێنەبڕیت، لەبەر ئەوەی کە هێڵی بەرهەمهێنان و کورەیان هەیە، کە زۆر درەنک گەرم دەبێت و دەرەنگیش ساردەبێتەوە و ناکرێت کارەبای لێببڕیت تەنیا لە کاتی زۆربوونی خواستدا مێگاواتیان پێدادەگرین، هەروەها دوو ئاشی گەنمی سەر بەوەزارەتی بازرگانی عێراق هەیە نابێت کارەبای لێببردرێت.
• سەبارەت بەو شوێنانی کارەبای بەردەوامیان هەیە و تێبینیان لەسەرە، بریتیە لە ماڵی خوالێخۆشبوو(مام جەلال) لە گردی دەباشان و ماڵی کاک کۆسرەت و نەخۆشخانەی فاروق.
هەرچی پەیوەندی بە ماڵی خۆالێخۆشبوو مام جەلالەوە هەیە کە تەنیا ماڵە کارەبای بەردەوامی پێدراوە، بەبەراورد لە شوێنانەی کە لە هەولێر و دهۆک هەیە و هاوشێوەی ئەو شوێنەیە، ئەوەی سلێمانی شایەنی باس کردن نیە، هەمیشەش لە راگەیاندنەکاندا ئاماژەی پێدراوە .
هەرچی پەیوەندی بەماڵی کاک کۆسرەتەوە هەیە، پێشتر ئەو کاتەی بەڕێزیان جێگری سەرۆکی هەرێم بووە کارەبا بە نوسینگەی بەڕێزیان دراوە و ئێستاش بەردەوامە.
بۆ نەخۆشخانەی شاری پزیشکی فاروقیش، ماوەیەکی زۆرە رەزامەندی هەیە و ئێمە لەئێستادا گۆڕانکاریمان تێدا نەکردوە.
ئەوەی لەسەر داهاتی کارەبای سلێمانی وتراوە، بۆ هاوبەشی ماڵان  هیچ هاوڵاتییەک لەسەر نەدانی پارەی کارەبا، ئاگادار نەکراوەتەوە و کارەبای هیچ ماڵێکیش نەبڕدراوە، بەڵام بۆ کەرتەکانی بارزگانی، پیشەسازیی، کشتوکاڵی، حکومی ئاگاداری پێویستیان پێدراوە، بۆئەوەی قەرز و پارەی کارەبا بدەن. باشترین داهاتی کارەباش لە مانگەکانی 11 و 12ی ئەمساڵدا بووە بڕێکی باش پارەی کارەبا کۆکراتەوە بەبەراورد بە پارێزگانی دیکە سلێمانی زۆرترینە.
راگەیاندنی
 بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی



PM:08:36:25/12/2021