تەرمی كادرێكی پارتی لە سنوری قەزای شەنگال دۆزرایەوە

دوای ماوەیەك لە دیارنەمانی، ئەمڕۆ هەینی تەرمی کادیرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری قەزایی شەنگال دۆزرایەوە.

قاسم رەشۆ، کارگێڕی لقی (١٧)ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال بە میدیاکانی پارتی ڕاگەیاند" بەیانی ئەمڕۆ تەرمی ئەحمەد حوسێن حەمەد خەلیل کادیری ناوچەی خانەسووری پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێوان هەردوو کۆمەڵگەی دووگری و دەهۆلڵا لە نزیک ناحیەی سنوونێ دۆزرایەوە و شوێنەواری گوللەیەک بەسەرییەوە دیارە".
 
بە وتەی قاسم رەشۆ، ئەو کادیرەی پارتی دوێنێ ئێوارە لەگەڵ خزمێکی خۆیدا چوونەتە کۆمەڵگەی گرعوزێر، دوای ئەوەی تەلەفۆنێکی بۆ دێت و داوا لە ئامۆزایەکی خۆی دەکات ئۆتۆمبێلەکەی پێبدات بە کارێک دەڕوات و دەگەڕێتەوە، پێشی وتوون کە نیو کاتژمێری پێدەچێت، بەڵام ناگەڕێتەوە و مۆبایلەکەشی دادەخرێت. 
 
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ تەرمی ئەحمەد حوسێن دۆزرایەوە، شوێنی ئەشکەنجەش بە تەرمەکەوە دیارە. 

قاسم رەشۆ سەبارەت بە بکوژی ئەحمەد حسێن، وتی" جارێ کەس تۆمەتبار ناکەین، بەڵام دیارە کادیری پارتی لەو ناوچەیە لەلایەن پەکەکە و حەشدی شەعبییەوە هەڕەشەی لێکراوە". 


PM:01:23:07/01/2022