لە ناحیەی حاجیاوا باندێك بە پارەی ساختەوە دەستگیركران


پۆلیسی راپەڕین رایدەگەیەنێت، نەهێشتنی تاوان لە قەڵادوێ بەهاوكاری بنكەی پۆلیسی حاجیاوا باندێكیان بە پارەی ساختەوە دەستگیركردووە.

پۆلیسی راپەڕین لەڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر پاش ئاگاداركردنەوەیان كە ئاڵوگۆڕ بە پارەی ساختەوە كراوە لە جۆری دۆلاری ئەمریكی، دوای بەدواداچوونی ورد و بەسود وەرگرتن لە زانیاری و كامێرای چاودێری دەستبەجێ تۆمەتبارێكیان لەناو شاری قەڵادزێ بەناوی (پ.ق) لەدایكبووی ساڵی 1993 دانیشتووی ئیدارەی ڕاپەڕین دەستگیر كرد، لەكاتی دەستگیركردنیدا بڕی 700 دۆلاری ساختەی پێوە گیراوە، دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا دانی ناوە بەتاوانەكەیدا و بەوتەی خۆی "لەگەڵ هاوڕێیەكی ویستویانە بەنزیكەی 20 هەزار  دۆلاری ئەمریكی ساختە لەناو بازاڕەكان ساغ بكەنەوە".

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە تۆمەتبار دانیشی ناوە بەوەدا كە ئەو پارەیان لە وڵاتی توركیاوە هاوردەی هەرێمی كوردستان كردووە، تۆمەتباری دووەمیش بەناوی ( ح.ع) لەدایك بووی 1991 دانیشتووی ئیدارەی ڕاپەڕین لەلایەن بنكەی پۆلیسی حاجیاوا لەناحیەی حاجیاوا دەستگیركرا و بڕی 18 هەزار و 500 دۆلارەی ساختەی پێوە گیرا.

بەوتەی یەكێك لە تۆمەتبارەكان 200 دۆلاریان لەناو بازاڕی شاری هەولێر ساغ كردۆتەوە و 500 دۆلاریشیان خەرج كردووە. لەئێستادا هەردوو تۆمەتبارەكە بە ماددەی 281 لە یاسایی سزادانی عێراقی ڕاگیركراون و لێكۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە، دۆسیەی لێكۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەكە ڕێكخراوە.


PM:09:52:16/01/2022