سەبارەت بە گۆڕینی بەرپرسی دەزگای زانیاری روونكردنەوە دەدرێت

سەرچاوەیەك لە ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری هەرێمی كوردستان ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە باس لە گۆڕینی ئەژی ئەمین، لێپرسراوی دەزگاكە دەكەن.

میدیای فەرمی یەكێتی لە زاری سەرچاوەیەك لە ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە "بۆ هەموو لایەكی رووندەكەینەوە ئەژی ئەمین، لێپرسراوی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری هەرێمی كوردستان لە راپەڕاندنی ئەركەكانیدا بەردەوامە و لەخەمی بەرقەراكردنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستاندایە، هەموو ئەو هەواڵە بێبنەمایانەی بڵاوبوونەتەوە ناڕاستن".

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "لە ڕێگای یاساوە سكاڵا لەسەر هەموو ئەو میدیا و كەناڵانە تۆمار دەكەین كە هەواڵی بێ بنەمای لەو شێوە بڵاو دەكەنەوە، هەموو ئەو كەس و لایەن و پەیجانە راپێچی بەردەم یاسا دەكەین".

ئەژی ئەمین، پێش رووداوەكانی 8ی تەموزی ساڵی رابردوو بە كەسێكی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی دادەنرا، بەڵام دوای رووداوەكان لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە كرایە بەرپرسی دەزگای زانیاری یەكێتی و بەرپرسی پێشووتر كە سەر بە لاهور شێخ جەنگی بوو لەو پۆستە لادرا.





PM:09:06:18/01/2022