حکومەتی هەرێم: دانا غاز نزیكەی 5 ملیار قەرزارە

حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژە بۆ چەند لێدوانێکی راگەیەنراوی کۆمپانیای دانا غاز دەکات ‌و دەڵێت ئەو كۆمپانیایە نزیكەی 5 ملیار دۆلار قەرزاری حكومەتی هەرێمە.

ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ئاشکرای کردوە کە بەپێی یاسای کارپێکراو و رێساکانی ناوبژیوانیکردن، ئەم دادگای ناوبژیوانیکردنە ملکەچی فەرمانەکانی نھێنی پاراستنە. لێدوانەکانی دانا غاز کە بەردەوام بڵاویان دەکاتەوە پێچەوانەی ئەو فەرمانانەن.
ئاماژە بەوەش دراوە، بێ وازھێنان لەو فەرمانانەی نھێنی پاراستن، حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت لێدوانە بڵاوکراوە ناڕاست و چەواشەکەرەکانی دانا غاز راست بکاتەوە.

ھەروەھا ئاشکراشی کردوە کە دانا غاز بڕی گەورەی پارە قەرزاری حکومەتی ھەرێمی کوردستانە، کە بەپێی ھەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان بە ٤.٨ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

ھێما بۆ ئەوەش کراوە کە بە پێچەوانەی جەختکردنەوەکانی دانا غازەوە، ھیچ بڕە پارەیەکی ‌نەدراو‌ لە لایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ دانا غاز بوونی نییە. دادگا ھێشتا نەگەیشتووەتە ھیچ بڕیارێکی کۆتایی لەسەر ھیچ یەکێک لە مەسەلە سەرەکییەکان و ھیچ بڕیارێکی کۆتایی بۆ دانی ھیچ بڕە پارەیەک. حکومەتی ھەرێمی کوردستان دانی ھەر بڕە پارەیەکی لەو جۆرە رەتدەکاتەوە.
ئەگەرچی دانا غاز بڕیاری دادگای سەبارەت بە دانی بڕە پارە کاتییەکان رایگەیاند، بەڵام بەپێی راگەینراوی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بڕیارەکەی بە ھەڵە لێکداوەتەوە.

 بڕیارەکە پەیوەست نییە بە ناکۆکیە سەرەکیەکانی نێوان ھەردوو لایەنەوە. بەڵکو بڕیارەکە پەیوەندی ھەیە بە داواکاری دانا غازەوە بۆ بەدەستھێنانی بڕە پارەی کاتیی لە ماوەی ناوبژیوانیەکەدا لەپێناو گوایا خۆ بەدوور گرتن لە کۆسپی دارایی زۆر، ھەروەھا دادگا پشتگیری ئەو نرخەی نەکرد کە دانا غاز داوای دەکات لە ناوبژیوانیەکەدا و بڕیارەکەش گوزارشتی لەو نرخە نەکردووە. جگە لەوەش دادگا داواکانی دانا غازی رەتکردەوە بۆ بەدەستھێنانی بڕە پارەی کاتیی یەکجار زۆرتر کە بۆ قەرەبووی ماوەیەکی درێژتر دیاریکردبوو، سەرباری ئەوەش دادگا حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند ناکات بۆ بەردەوام گواستنەوە و دانی پارەی بەرھەمی (کۆندەنسێت) لە گشت بارودۆخەکاندا.



PM:04:12:16/07/2014