لە یەکێک لە گەڕەکەکانی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایکێک و دوو کچی لەلایەن زاوای پێشووی ئەو بنەماڵەیەوە کوژران.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكردهوه، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ ژنی ئەندامی یەک بنەماڵە کە بریتین لە دایکێکی (٥٥) ساڵ و دوو کچی (٣٥) ساڵ و (٣١) ساڵ لەلایەن زاوای پێشووی ئەو بنەماڵەیەوە بە چەک کوژران.
عەلی ئەکبەر جاویدان فەرماندەی هێزی ئینتزامی کرماشان لە لێدوانێکدا بە ڕێکخراوەکەی ڕاگەیاند" ئەم کوشتنە لە شاری پەردیسی کرماشان رووی داوە و بکووژ کە خوشکەزای دایکی ئەو بنەماڵەیە و زاوای پێشووشیان بووە، دوای چوار کاتژمێر دەستبەسەر کراوە".
ئەوەشی خستەڕوو، بکووژ دانی بەوەدا ناوە کە بە هۆی ڕق و کینە ئەم کەسانەی کوشتووە. یەکێک لە کوژراوەکان کە تەمەنی ٣١ ساڵ بووە پێشتر هاوسەری بکوژ بووە و پێش پێنج ساڵ لەیەکدی جیابوونەتەوە و منداڵێکی شەش ساڵانیان هەبووە کە لای ناوبراو بووە و کە دایکی و داپیری و پووری لە پێش چاوی ناوبراو کوژراون.