به‌ڕێوه‌به‌ری ئامار له خانه‌نشینی ھه‌رێمی كورستان ڕایدەگەیەنێت" پرۆسه‌ی چاكسازی له پله تایبه‌ته‌كان ته‌واو بووه و موچه‌كانیان هه‌مواركراوه‌ته‌وه".
سه‌باح موخلیس، به‌ڕێوه‌به‌ری ئامار له خانه‌نشینی ھه‌رێم به میدیای فه‌رمی پارتی راگه‌یاند" پرۆژه‌ی چاكسازی له پله تایبه‌ته‌كان ته‌واو بووه و به‌پێی یاسای چاكسازیش، مووچه‌كانیان ھه‌مواركراوه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ی خزمه‌تی ته‌واو نه‌بووه، له‌ئێستادا سه‌رقاڵی رێكخستنه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ی خزمه‌ته‌كانیانن".
وتیشی" بۆ نمونه خانه‌نشینی وه‌زیره‌كان، كاتی خۆی كه وه‌زیر بون و خزمه‌تیان وه‌كو پێویست نه‌بوه، ئێستا دۆسیه‌كانیان ته‌واو ده‌كه‌ن و دوایین مۆڵه‌تیشیان پێدراوه كه سه‌ردانمان بكه‌ن و كه‌موكوڕییه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌جۆرێك خۆیان له‌گه‌ڵ یاسای چاكسازی بگونجێنن تا ئه‌وكاته موچه‌یان پێده‌درێت، بۆیه ئێستا به‌رده‌وام سه‌ردانمان ده‌كه‌ن و دۆسیه‌كانیان ڕێكده‌خه‌ن و كه ته‌واویان كرد موچه‌یان ھه‌موار ده‌كرێته‌وه و دواتر موچه‌كه‌یان پێده‌درێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌وانه‌ی كێشه له دۆسیه‌كانیان ھه‌یه 20 تا 30%ی كۆی گشتی خانه‌نشینان پێكده‌هێنن، به‌ڵام سه‌رقاڵن ئه‌و كێشانه‌ی له دۆسیه‌كانیان ھه‌یه چاره‌سه‌ری بكه‌ن، ئه‌وانه‌شی كه نایاسایین ناوه‌كانیان بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ڕه‌وانه كراوه، به‌مه‌به‌ستی گرتنه‌به‌ری رێكاری پێویست به‌رامبه‌ریان.
سه‌باره‌ت به هه‌مواركردنه‌وه‌ی موچه‌ی خانه‌نشینی پله باڵاكان، سه‌باح موخلیس ئاشكرایكرد، موچه‌ی سه‌رجه‌م پله تایبه‌ته‌كان ھه‌موار كراوه‌ته‌وه و موچه‌ی ھیچ خانه‌نشینێك له 60% زیاتر نییه، به‌پێی ھه‌مواری نوێش ھه‌مویان كه‌متر له 60%ی كۆی موچه‌كانیان وه‌رده‌گرن.